راچڵەكین -
پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی كچێكی دەكرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین كە ئەمڕۆ سێشەممە 18-8-2026 بڵاوكراوەتەوە، نزیكەی 10 رۆژ بەرلە ئێستا كچێكی خوار تەمەن 18 ساڵ لەگەڵ دایكی سەردانی نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنیان كرد و سكاڵای تۆمار كرد لەسەر كەسێك كە وێنەو ڤیدیۆی كچەكەی لابووە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی كردووە لەبەرامبەر پێدانی پارە.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەكردووە، دوای كردنەوەی مەلەفی لێكۆڵینەوە و بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە، دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر دۆزینەوەی تۆمەتبار، شەوی ڕابردوو لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و بەهاوكاری تیمی ئایتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر، تۆمەتبارەكە لە هەولێر دەستگیر كرا.
تۆمەتبارەكە ناوی (ڕ.ڕ.س) تەمەن 16 ساڵ ڕەگەزی نێر، دانیشتووی قەزای بەحرەكەی سەر بە شاری هەولێرە، دوای ئەوەی لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەتاوانەكەی كە هەستاوە بە هەڕەشەكردن لە كچكە بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانی كە پێشتر دەستی كەوتن و لەلای بوون. ئێستا تۆمەتبارەكە بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامی هەیە.