راچڵەكین -
وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی سووریا، دەرگای دامەزراندن بۆ مامۆستای خوێندنی كوردی دەكاتەوەو داواكاریی ئەو كەسانەش وەردەگرێت كە خوازیارن وەك مامۆستای وانەی كوردی دابمەزرێن.
بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدان لە وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی سووریا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دەستكراوە بە وەرگرتنی داواكارییەكان بە مەبەستی دامەزراندنی مامۆستای وانەی كوردی.
لە ڕاگەیاندراوەكە هاتووە، ئەو كەسانەی كە میلاكیان لە ناو وەزارەتەكە، یان دەرەوەی وەزارەتەكەیە و دەرفەت و توانا و بڕوانامەی تەواویان هەیە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن.
داوا لە خوازیارانیش كراوە كە بە مەبەستی پێشكەشكردنی داواكەیان، فۆڕمی پەیوەندیداری ئەلیكترۆنی لەسەر پێگەی وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی سووریا پڕبكەنەوە.
ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە، وەزارەتی پەروەردەی سووریا بڕیاریداوە بۆ ساڵی خوێندنی 2026 - 2027، سەرجەم پڕۆگرامەكانی خوێندن لە تەواوی وڵاتەكەدا یەكبخرێت.