راچڵەكین-
دادوەری دادگای كەرخ لەبەغداد، عەباس ئەلیەعقوبی، ئەفسەری هەواڵگری لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی بە بێتاوان ناساند لەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون و ئازادی كرد. وەك میدیای گرووپە چەكدارەكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستا یەعقوبی لە ماڵەكەی خۆی لە پارێزگای زیقار لەلایەن هێزێكی دژە تیرۆری عیراقەوە دەستگیركرا. دواتر بەشێك لەسەركردە سیاسیەكانی شیعە لەنێویاندا قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلولحەق و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەستوەردانیان كردووە بۆ ئەوەی رادەستی حەشدی شەعبی بكرێت، سەرەنجام دوای چەند كاتژمێرێك رادەستی حەشدی شەعبی كرا.
بەووتەی چەند سەرچاوەیەكی عیراقیش تەنها دوای چەند كاتژمێرێكی كەم لەڕادەستكردنی بە حەشدی شەعبی،یەعقوبی چۆتەوە سەركارەكەی.
هەرچەندە تائێستا حكومەتی عیراق هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نەداوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی عەباس یەعقوبی كراونەتەوە، بەڵام ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی بڵاویكردووەتەوە، گوماندەكرێـت یەعقوبی سەركردایەتی تۆڕێك بكات بۆ گواستنەوەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئێرانەوە بۆ عیراق، بەشێك لەو چەكانەش لە ماوەی ڕابردوودا دژی وڵاتانی دراوسێ بەكارهێنراون، جگە لەوە تۆڕەكەی ئەم جۆرە چەكە بە قاچاخ دەگەیەنێتە سوریا و لوبنان.