راچڵەكین -
دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، ئەو سكاڵایانەی رەتكردەوە، كە لەلایەن وەزیری دارایی عیراق و بەڕێوەبەرانی چەند بانكێك لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كرابوون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئابی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، سەرجەم ئەو سكاڵایانەی رەتكردەوە، كە لەلایەن هەریەك لە وەزیری دارایی عیراق، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی رافیدەین، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی رەشید و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی، لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كرابوون.
ئەو سكاڵایانەی تۆمار كرابوون، تانەیان لە نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە (3326)ی ساڵی 1992 دەدا و داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەكرد، كە پەیوەستە بە تۆماركردن و گواستنەوەی خاوەنداریەتیی موڵك و باڵەخانە حكومییەكان لە هەرێم، بۆسەر ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
دادگای فیدراڵی بڕیاریدا سەرجەم ئەو سكاڵایانە، لەبەر نەبوونی تایبەتمەندیی دادوەریی، رەتبكرێنەوە.