راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمریكا دەستپێكردنی شەڕێكی ئابووری بێوێنەی دژبە ئێران ڕاگەیاند. هاوكات بەڵێنیدا لێكەوتەی ئابووری توند بەسەر هەر وڵاتێكدا بسەپێنێت كە هاوكاری تاران بكات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026 دۆناڵد ترەمپ لە سەكۆی تروس سۆشیال نوسیوویەتی:" هەر وڵاتێك ڕێگە بە دامەزراوە داراییەكانی، كۆمپانیاكان، فڕۆكەخانەكان و دامەزراوەكانی حكومەت بدات، ئەو كۆتوبەندە بشكێنێـت و هاوكاری ئێران بكات ، ڕووبەڕووی لێكەوتەی ئابووری سەخت دەبێتەوە."
ترەمپ دەڵێت:" ئەمریكا دەرفەتێكی گەورەتر لە جارانی بەخشی بە ئێران، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتنێك، بەداخەوە نەیانتوانی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت."
سەرۆكی ئەمریكا ڕێوشوێنە نوێیەكانی بە شەڕی ئابووری و دابڕان لە ئاستێكی بێ وێنە وەسف كرد و وتی:" ئێران ڕووبەڕووی دۆخێكی ئەوپەڕی دژوار بووەتەوە دوای ئەوەی توانای سەربازی و ئابووری و دراوەكەی زیانيان پێگەیشتووە."
ترەمپ كۆمەڵێك چالاكی خستەڕوو كە هەڵمەتەكە كردوویەتیە ئامانج، لەوانە قاچاخچێتی نەوت، تۆڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو، نووسینگەكانی حەواڵە، تۆماری كەشتییەكان و كۆمپانیا وەهمییەكان .
سەرۆكی ئەمریكا هەڵمەتەكەی بە ڕۆژی یەكلاكردنەوەی ئابووری وەسفكرد و داوای لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا كرد ببنە بەشێك لەو هەڵمەتە بەمەبەستی گۆشەگیركردنی ئێران.
ترەمپ جەختی لەوە كرد، هەڵمەتەی ڕۆڵی دەبێت لە سنوورداركردنی تواناكانی تاران بۆ دابینكردنی پشتیوانی دارایی چالاكییە دەرەكییەكانی. هاوكات بەڵێنەكەی دووپاتكردەوە كە "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی "