بڕیارێك لە بەرژەوەندیی هاوردەكارانی ئۆتۆمبێل دەدرێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 177

راچڵەكین -

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە بەرژەوەندیی كاسبكارانی بواری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل، بڕیار دەدات رێكەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەكردن، لە یەكی ئەیلولەوە بكرێتە یەكی تشرینی دووەم. 

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە گوێرەی رێنمایی ژمارە (7) ی ساڵی 2026 كە هەمواری یەكەمی رێنمایی ژمارە (14)ی ساڵی 2025 ی تایبەت بە مەرجەكانی سەلامەتی و تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، لە نوسراوێكدا كە بە واژوی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە، رێكەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەكردن لە یەكی ئەیلول كراوەتە یەكی تشرینی دووەم.

د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، دەربارەی هۆكار و لێكەوتەكانی ئەم رێنماییە، رایگەیاند: دوای ئەوەی بە هۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەكە و كاریگەریی لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی، كاسبكار و بازرگانانی بواری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل داواكارییان پێشكەشی نوسینگەی سەرۆكوەزیران و وەزارەتی ناوخۆ كرد بۆ پێدانی كاتی زیاتر و گۆڕینی وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ هاوردەكردن لە (یەكی ئەیلول) بۆ ( یەكی تشرینی دووەم)، دوای دیراسەكردن، هەمواری رێنمایی ژمارە (14) ی ساڵی 2025 كرا و وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمساڵ كرایەوە یەكی تشرینی دووەم. بەم جۆرە بازرگانان و كاسبكارانی بواری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل تا ئەو ڕێكەوتە دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن. 

وەزارەتی ناوخۆ بە گوێرەی هەمواری ئەو ڕێنماییە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی راسپاردووە كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بە هۆی بارودۆخی شەڕەوە ئەو بازرگان و كاسبكارانی ئۆتۆمبێلیان كڕیووە و بارەكانیان لە رێگایە، كاتی زیاتریان هەبێت و توشی زیان نەبن.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن