راچڵەكین -
وەزارەتی دارایی پرۆسەی ئامادەكردنی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ناو پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ و ناردنی بۆ بەغداد كۆتایی پێهێنا.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاش زیاتر لە مانگێك لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجییەكان، داهاتی گشتی و میلاكی گشتی حكومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی كۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەكردنی پشكی هەرێمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند.
پڕۆژەكە بە هەردوو شێوازی كاغەزی و ئەلیكترۆنی (ئۆنلاین)، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لە بەغداد كرا. لەو بارەیەشەوە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی لیژنەكە و ستافی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و ژمێركاری لەناو وەزارەتمان، وە سوپاسێكی تایبەتی هەبوو بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوكارییە بەردەوامانەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكان و فەرمانگەكان و بەتایبەتیش فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و فەرمانگەی بودجە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تری ناو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە نیشتمانییە بە شێوازێكی زانستی، سەردەمیانە و هاوئاهەنگ لەگەڵ سیستمی ئەلیكترۆنی بودجەی فیدراڵیی عێراقدا.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەكان، خواستە دەستوورییەكان و پێداویستییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی جێگیركراون، لەوانە:
•دابینكردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.
•دابینكردنی موچە بۆ خێزانی كەمدەرامەت و هاوتاكردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان لەگەڵ بەغدا.
•دابینكردنی خەرجییەكانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان.
•جێگیركردنی مافی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو.
•هاوتاكردنی موچەو شایستە داراییەكانی پێشمەرگە.
•هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەكانی پێشویان.
•چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی كە بەهۆكاری جیاواز لە سیستمی(UPN) تۆمار نەكراون یاخود كێشەیان هەیە.
•دابینكردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان (الموازنە الاستپماریە).
•بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان.
•دامەزراندنی سێ یەكەمەكان، خاوەن بروانامە باڵاكان، پزیشكانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەكان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەكاتەوە كە ئەم ئامادەكارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكان و كۆتاییهێنان بە بەربەستەكانی بەردەم شایستە داراییەكانی هەرێم. هیواشی خواستووە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەكانەوە مامەڵە لەگەڵ پشكی هەرێم لە بودجەدا بكەن.
هاوكات، داوا لە سەرجەم نوێنەران و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە كە بە یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی داكۆكی لەم پشكانە بكەن، تاوەكو لە كاتی گفتوگۆكانی ناو پەرلەماندا لە یاسای بودجەدا جێگیر بكرێن و پشكی شایستەی هاووڵاتیانی هەرێم بە زووترین كات دەستەبەر ببێت.