راچڵەكین-
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیران سوورە لەسەر ڕەوانەكردنی پرۆژەیاسای بوونی چەك تەنها لەدەستی دەوڵەت بۆ پەرلەمان.
خالد سیدۆ، بەرۆژنامەی سەباح-ی عیراقی ڕاگەیاندووە، عەلی زەیدی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێی راگەیاندوون، حكومەتی عیراق لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پڕۆژە یاساكە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات.
پرۆژە یاساكە بوونی چەك ڕێكدەخات و ئەو لایەنانە دیاری دەكات كە رێگەیان پێدەدرێت چەكیان لابێت و بەكاریان بهێنن، لەگەڵ دیاریكردنی چوارچێوەیەكی یاسایی كە ڕێگری دەكات لە گواستنەوەی ئەو چەكانە لەنێوان لایەن و كەسانێك كە ڕێگە بەبوونی چەك نادرێت لەلایان.
خالد سیدۆ، جەختی لەوەكرد، لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەدواداچوون بۆ پرۆژەیاساكەو گەیشتنی بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات، تا گفتوگۆ لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بكات.