عاسم مونیر، سوپاسالاری پاكستان
راچڵەكین-
ناوەڕۆكی پەیامە نوێیەكەی ئەمریكا بۆ ئێران كەلەڕێی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاكستانەوە ڕادەستی تاران كرا ئاشكرا دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كەناڵی ئەلعەربییە، مونیر بە ئێرانییەكانی راگەیاندووە، پاكستان لایەنگری هیچ لایەنێك ( ئەمریكاو ئێران) ناكات، بەڵكو دەیەوێت قەیرانەكە كۆتایی پێبێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمریكا لە پەیامە نوێیەكەیدا بۆ ئێران ئاماژەی بە وەستاندنی گەمارۆكانی ئێستا و هەڵگرتنی سزاكان كردووە، لەبەرامبەر پابەندبوونی تاران بە كردنەوەی گەرووی هورمزو وەستاندنی هێرشە بەوەكالەتەكان ( مەبەست لێی گرووپە چەكدارەكان)ە.
عاسم مونیر، سوپا سالاری پاكستان لەكۆبوونەوەی لەگەڵ موحسین ڕەزایی، نوێنەری ڕێبەری باڵاو ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، ڕوون و ڕاشكاوانە پێی ڕاگەیاندووە، تۆمەتەكانی تایبەت بەپێشێلكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن، هەردوو لایەنی ناكۆك ( ئەمریكاو ئێران) دەگرێتەوە و بەرپرسیارێتی ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم لێكتێگەیشتنەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ.
هەر لەو دیدارەدا، مونیر داوای لە رەزایی كردووە، هێرشی گرووپە چەكدارەكانی وابەستە بەئێران كۆتاییان پێبهێنرێت و كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی یاداشتی لێكتێگەیشتن.
لەبەرامبەردا، موحسین ڕەزایی بەسوپاسالاری پاكستانی ڕاگەیاندووە، هەر هەڵكشانێك لە دۆخەكە ڕووبدات ئەوا ئێران بەردەوام دەبێت لە شەڕكردن، هەروەك ڕوونیكردووەتەوە، رابەری باڵای ئێران چارەسەرێكی ڕیشەیی دەوێت بۆ قەیرانەكە.