راچڵەكین-
ئیدارەی ئەمریكا بانگهێشتی تۆم بەڕاك باڵیۆزی ئەو وڵاتە لەتوركیاو نێردراوی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا دەكاتەوە بۆ واشنتۆن. ڕۆژنامەنووسێكی ئەمریكیش دەڵێت:" بەئەگەرێكی زۆرەوە بەڕاك جارێكی تر ناگەڕێتەوە ئەنقەرە."
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەرەنۆت-ی ئیسرائیلی لەزاری لۆرا لۆمەر، خانمە ڕۆژنامەنووسی نزیك لە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، دوای لێدوانەكانی ئەم دواییەی تۆم بەڕاك لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان و توركیا كە زۆری نەمابوو ببێتە بریشكی ئاگری جەنگ لەنێوان توركیا، ئیسرائیل و سوریا، واشنتۆن داوای لە بەڕاك كردووە بگەڕێتەوە ئەمریكا.
سەرچاوەیەكیش لەدەرەوەی ئەمریكا بۆ لۆرا لۆمەری راگەیاندووە:" دەمانەوێت زۆر بەزوویی ناوچەكە جێبهێڵێت بە جۆرێك لەوانەیە داوا لە كۆمپانیایەكی گواستنەوە بكەین، كەلوپەلەكانی كۆبكاتەوەو بیهێنێتەوە بۆ ئەمریكا."
چەند ڕۆژێك پێش ئێستا تۆم بەڕاك، باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەنقەرە، رایگەیاندبوو، توركیا بە سەرۆك ئەردۆغان-یشەوە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە یان پەیوەندییەكی دوژمنكارانە لەگەڵ ئیسرایل نادەن" ئەو لێدوانەش هاوكات بوو لەگەڵ داوایەكی توركیا لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ بۆ دەركردنی یاداشتی دەستگیركردن لەدژی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی، لێدوانەكەی بەڕاك-یش بەجۆرێك لێكدرایەوە كە دووربێت لەگەڵ ئەو واقیعەی دەگوزەرێت.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا نوێنەرەكەی ئەمریكا، بەرزاییەكانی جۆلان-ی بە خاكی داگیركراوی سوریا لەلایەن ئیسرائیل ناوهێنا، بێ ئاگا لەوەی لەساڵی 2019 دا دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بەفەرمی دانی بەدەسەڵاتی ئیسرایل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا ناوە، هەر ئەوەش وایكرد دواتر بەڕاك لەلێدوانەكەی پەشیمان بێتەوە، دوای ئەوەی كاردانەوەی توندی ئیسرایلی لێكەوتەوە.