ژمارەی قوربانیانی لافاوەكەی نیپال بەرزدەبێتەوە

جیهان

43 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 170

راچڵەكین -

میدیاكانی نیپال بڵاویانكردەوە ژمارەی قوربانیانی ئەو لافاوە بەهێزەی كە ناوچەكانی نزیك سنووری چین-ی گرتەوە، بەرزبووەوە و تائێستا 157 كەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان كەسی دیكەش چارەنووسیان نادیارە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-8-2026، لافاوێكی بەهێز ناوچەی راسوا و ناوچەكانی نزیك لە سنووری چین-ی لە نیپال گرتەوە، بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە، تائێستا 157 كەس، كە زۆربەیان گەشتیاری بیانی بوون، گیانیان لەدەستداوە و سەدان كەسیش بێسەروشوێنن.

لافاوەكە جگە لە زیانە گیانییەكان، زیانێكی زۆریشی بە ژێرخانی ناوچە زیانلێكەوتووەكان گەیاندووە و سەدان خانووی هاووڵاتیان لە نزیك روباری بوتیكوشی، كە لافاوەكەی تێدا روویدا، ژێرئاو كەوتن.

هەریەك لە وڵاتانی چین و هیندستان، بڕیاراندا تیمەكانی فریاكەوتن رەوانەی ناوچە زیالێكەوتووەكانی نیپال بكەن بەمەبەستی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی و تەندروستی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن