راچڵەكین -
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیركردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنێت، كە بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەریان لە دەرەوەی وڵات هێنابووە هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-8-2026 بڵاوكراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لەدوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری، لەڕۆژی 19ی ئەم مانگە توانیان سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر بكەن.
لەكاتی دەستگیركردنی سێ تۆمەتبارەكەدا، دەستبەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانا دا گیرا، كە بەشێوەی شل كرابووە ناو ئامێری (ڤایپ) بەمەبەستی بەكارهێنانی، ماددەكانیش لە دەرەوەی وڵات هێندرابوونە هەرێمی كوردستان.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشكرایكردووە، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكارە ئەقڵییەكان، راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانیان بەردەوامە.