راچڵەكین -
پاكستان لەدوای واژووكردنی رێككەوتنامەی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ سعودیە و توركیا، رێككەوتننامەیەكی هاوشێوە لەگەڵ كوەیت واژوو دەكات و هەردوو وڵات بەڵێن دەدەن لەسەر ئاستی سەربازیی و ئاڵوگۆڕی تواناكان، هەماهەنگیی یەكتر بكەن.
سوپای كوەیت لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەمیانی سەردانێكی شێخ عەبدوڵڵا عەلی عەبدوڵڵا، وەزیری بەرگریی بۆ پاكستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ خواجە محەمەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاكستان، لە شاری ئیسلام ئاباد رێككەوتنامەی بەرگریی هاوبەشی سەربازییان واژوو كرد.
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، سوپای هەردوو وڵات هەماهەنگیی و هاوكاریی یەكتر دەكەن لەبوارەكانی ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون و توانا سەربازییەكان و بەهێزكردنی پێكهاتەكانی سوپا.
ئەمە دووەم رێككەوتنی سەربازییە كە پاكستان لەماوەی ئەم مانگەدا واژووی دەكات، رۆژی 7ی ئەم مانگەش لەشاری مەككە، رێككەوتنێكی سێ قۆڵیی بەرگریی هاوبەش لەنێوان هەریەك لە پاكستان، سعودیە و توركیا واژوو كرا، هەرسێ وڵات جەختیان لەوە كردەوە كە هەر هێرشێكی چەكداریی بۆ سەر هەر یەكێك لەو سێ دەوڵەتە، وەك هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەكرێت.