وان؛ ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا گەیشتە ٤٤٨ كەس

جیهان

21/05/2020     ژمارەی بینراو 215

راچڵەكین-

ژمارەی توشبووان بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە پارێزگای وان لە باكوری كوردستان، گەیشتە ٤٤٨ كەس.

پارێزگای وان‌، لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تێكڕای ژمارەی تووشبووان لە شارەكە ٤٤٨ حاڵەتە و ژمارەی ئەوانەشی چاكبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە ٣٠١ كەسن، هەروەها تا ئێستا نۆ كەس بەو پەتایە لە شارەكە گیانیان لەدەستداوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنردرا‌وەكەدا، ئاماژە بەوەكراوە، لەزۆر شوێنی ناوەندی شارەكە لە شەقام و كۆڵانەكاندا گەڕان بەبێ دەمامك قەدەغە كراوە و هاتووە:" پابەندبوون بە بەستنی دەمامك، دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتیی و دابڕاندن گرنگیی زۆری هەیە، بەڵام پابەندنەبوونی ئەو كەسانەی بەتایبەتی لە دەرەوەی پارێزگاكە سەردانی شارەكە دەكەن بە رێنماییەكان و نەپاراستنی دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتیی و پێشێلكردنی یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بەو پەتایە."

لە راگەیەنرا‌وەكەدا داوا لە هاووڵاتییان كراوە خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنە قەرەباڵغەكان بەتایبەتی لە ناوەندە بازرگانییەكانی جەژن، دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتیی بپارێزن و دەمامك ببەستن.

لەراگەیەندرا‌وەكەدا باس لەوە كراوە، تا ئەمڕۆ لە پارێزگای وان ٥٦ هەزار كەس لە ماڵ كەرەنتینەكراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن