راچڵەكین-
دوای گیانلەدەستدانی گەنجێكی كوردی دانیشتووی گەڕەكی كۆماری قەزای دوزخورماتوو، هێزە ئەمنییەكان باوكی و خاڵی دەستگیر دەكەن.
چیرۆكی ڕووداوەكە وەك بەشێك لە میدیا لۆكاڵییەكان بڵاویانكردووەتەوە بەو شێوەیەیە، شەوی ڕابردوو مێرد منداڵێكی تەمەن 16 ساڵ بەناوی ئەمین جەلال گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو، بەووتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، مێردمنداڵەكە پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو و شوێنەواری توندی لێدان و ئەشكەنجە بە جەستەیەوە دیار بووە.
دواتر هێزە ئەمنییەكان، باوك و خاڵی مێردمنداڵەكەیان بەگومانی تێوەگلانیان لەكوشتنی مێردمنداڵەكە دەستگیركردووە، بەهۆی ئەوەی شوێنەواری ئەشكەنجە بە جەستەیەوە بووە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش بێت ( ئەمین جەلال) بەهۆی بەشداریكردنی لە ئەپڵیكەیشنێك بڕێكی زۆر پارەی خێزانەكەی خەرجكردووە كە نزیك دەبێتەوە لە 70 هەزار دۆلار.