راچڵەكین-
یەكێتی نیشتمانی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئامادەییان دەربڕی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلولی 2026 لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی، كۆبوونەوەی لووتكەی ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو.
وەك لەراگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا. هەردوو لایەن ئامادەییان دەربڕی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، كە حكومەتێكی هاوسەنگ و پەسەندكراو بێت لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان، عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هەروەها حكومەتێك بێت كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق پێبێت.
"هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، كە پێكنەهێنانی حكومەت پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێك ببێتە هۆكاری بەربەستی پێكنەهێنانی حكومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان ، و هەر شتێك كە لە داهاتوودا ڕوودەدات. "
كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە كە بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی چارەسەر دەگرینە بەر .
"وەك هەمیشە دەرگای گفتوگۆی ئەم هاوپەیمانێتییەمان كراوەیە بەڕووی هەموو لایەك، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە." وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی لووتكەی ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هاتووە.