ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 189

راچڵەكین -

شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ كۆبووەوە و جەخت لەسەر پێویستیی جێگیركردنی پشك و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق كرایەوە

فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندی باڵای دانووستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەستی بە بەرنامەی كار و كۆبوونەوەكانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ كرد، بەمەبەستی بەشداریكردن لە قۆناغی ئامادەكردن و گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ، بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و جێگیركردنی پشك و شایستە دەستووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داراییی فیدڕاڵ

لە سەرەتادا، شاندەكە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری داراییی فیدڕاڵ و وەزیری پلاندانان بە وەكالەت، كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا، شاندی هەرێم بەشداریكردنی نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ، بە هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیارەكانی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە پرۆژەیاساكە خستەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستیی جێگیركردنی پشك و شایستەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا كراوە، بەمەبەستی دانانی بنەمایەكی جێگیر و ڕوون بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە داراییەكانی نێوان هەر دوو حكومەت. لە بەرانبەردا، وەزیری داراییی فیدڕاڵ پێشوازی لە بەشداریی شاندی هەرێم كرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی كردەوە، هەروەها دڵنیایی دایەوە كە وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ، لە ڕۆشناییی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەكاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ

دواتر شاندەكە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی كرد و كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریكارانی هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حكومی ئەنجام درا.

لە كۆبوونەوەكەدا، شاندی هەرێم جەختی لەوە كردەوە؛ هەرێمی كوردستان شایستەی پشكی خۆیەتی لە تەرخانكراوەكانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان، بەگوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، سەرباری تەرخانكراوەكانی پرۆژەكانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگەكان و پترۆدۆلار.

هەروەها، داوای جێگیركردنی شایستەی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی پشكی خۆی لە قەرز، هاوكاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەكان كرا، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی پشكی خۆی لە بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سوودەكانیان بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانكراوە و سوودەكانیانیش بە هەمان بنەما بەشدار بێت.

لە بەرانبەردا، شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەكان كرد و ئامادەییی خۆی بۆ تاووتوێكردنیان لە قۆناغی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە دەربڕی. هەردوولاش لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی تەكنیكی و یاسایی، لەم بوارەدا ڕێككەوتن.

كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ
لە بەردەوامیی بەرنامەكەدا، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ كۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەكان.

ئەجیندای كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاووتوێكردنی ئەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ كە پەیوەندییان بە كەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێكڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەكردن، بە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێك نەوت بۆ ساڵی داراییی ٢٠٢٧ و بڕی نەوتی تەرخانكراو بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ.

شاندی هەرێم جەختی لەوەش كردەوە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەكردن، ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت، لە بازاڕە جیهانییەكان دەفرۆشرێت و داهاتەكەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی هاوكاری نێوان هەر دوو حكومەت و زیادكردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ.
لە بەرانبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەكان كرد و جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی و كاری هاوبەش كردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێكی هاوسەنگ و كرداری بۆ بڕگە نەوتییەكانی بودجەی ٢٠٢٧ و مسۆگەركردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت.

لە كۆی كۆبوونەوەكاندا، جەخت لەسەر چارەسەركردنی بابەتە هاوبەشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەكان كرایەوە، بە ئامانجی جێگیركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و بەهێزكردنی هاوكاریی دارایی و ئابووری نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ.

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێكردنی ئەرك و پابەندییە دەستووری و یاساییەكانی كردەوە، لە بەرانبەردا جەختی لە بەرپرسیارێتیی حكومەتی فیدڕاڵ كردەوە بۆ دابینكردن و جێگیركردنی پشك، ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاكانیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن