جەزائیر پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیمارات دەپچڕێنێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 117

راچڵەكین -

حكومەتی جەزائیر بە فەرمی بڕیاریدا سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیمارات بپچڕێنێت، وەزارتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش هۆشداریدەدات لەهەر لێكەوتەیەك كە لەئەنجامی "رەفتارە دوژمنكارییەكان"ی ئەبوەزبی رووبدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-9-2026، وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، دوای بێ ئەنجامبوونی هەموو رێوشوێنەكان لەپێناو پاراستنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئیمارات و ئارامگرتنمان بەرامبەر هەڵسوكەوتە دوژمنكارییەكانی ئیمارات، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بدەین.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، سەرباری ئاگاداركردنەوەی بەردەوام بۆ رێزگرتن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوانمان، بەڵام حكومەتی ئیمارات بەردەوام بوو لە رەفتار و هەڵسوكەوتەكانی بەرامبەر جەزائیر، گەیشتە ئەو رادەیەی كە چیتر ئارامگریمان بەرامبەر شەڕانگێزییەكانی ئەو وڵاتە نەمێنێت. 

وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر روونیكردووەتەوە، ئەمڕۆ باڵیۆزی ئیماراتمان بانگهێشتكرد و ناوەڕۆكی بڕیارەكەمان پێ راگەیاند، مۆڵەتی 48 كاتژمێریشمان پێیدا بۆ پابەندبوون بە بڕیارەكە و جێهێشتنی خاكی جەزائیر.

لە یەكەمین كاردانەوەشدا بەرامبەر بڕیارەكەی جەزائیر بە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیمارات، ئەنوەر قرقاش، راوێژكاری سیاسیی سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند: پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان بە ئەقڵ و راوێژ و روونكردنەوەی بەرژەوەندییەكان بەڕێوەدەبرێن، نەك بە ئاماژە و مەتەڵ، كە پێویستی بە كردنەوەی كۆدەكان هەبێت.

بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان جەزائیر و ئیمارات لەكاتێكدایە ماوەیەكە پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە عەرەبییە بە دۆخێكی ناسەقامگیر و پڕ لە گرژی و ئاڵۆزیی تێدەپەڕێت، لە كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، عەبدولمەجید تەبون، سەرۆكی جەزائیر هێرشێكی توندی كردە سەر ئیمارات و بەوە تۆمەتباری كردبوو كە ئەو وڵاتە بچێتە هەر شوێنێك، خوێنڕشت و وێرانكاریی لەگەڵ خۆی دەبات، راشیگەیاندبوو، وڵاتەكەی لەگەڵ میسر و سعودیە لە یەك بەرەی هاوبەشدان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن