راچڵەكین -
پرۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە كۆتایی هات و وەزیری پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت: هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان كرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی كە ئەمڕۆ هێزەكانی 70 و 80 بە پرۆسەیەكی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەكخرانەوە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی پرۆسەی یەكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەكار دەبن. ئەمە دەستكەوتێكی مێژووییە و هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەكی یەكگرتوو و سەردەمیانە ، لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەندراوێك لە وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان
هێزی پێشمەرگەی كوردستان
هاوبەشەكانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
ئەمڕۆ بە شانازییەوە، مژدەیەكی مێژوویی و دەستكەوتێكی مەزن ڕادەگەیەنین كە خەونی لەمێژینەی گەلەكەمان بووە؛ پرۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.
دوای چەندین ساڵ تێكۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەك یەك تیمی پێكەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا و هەشتا كە هاوكار و ڕێگەخۆشكەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە كەڵەكەبووەكان تێپەڕێنین. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان كرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی كە ئەمڕۆ هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ بە پرۆسەیەكی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەكخرانەوە.
لە چوارچێوەی ئەم چاكسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەكان لەسەر ئاستی یەك فەرماندەیی و كۆنترۆڵ ، (لیواو فیرقەو فەرماندەیی دەڤەر) ڕێكخرانەوە.
بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەكار دەبن. ئەمە دەستكەوتێكی مێژووییە و هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەكی یەكگرتوو و سەردەمیانە ، لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
ئەم دەستكەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی هاوكارییەكانیان دەكەین و داوایان لێدەكەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێكی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی یەكگرتووی كوردستان.
شەكاوە بێت ئاڵای كوردستان
سەربەرزی بۆ هێزی پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان