راچڵەكین -
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو كەسی لەسنووری قەزای دوكان راگەیاند كە تۆمەتبارن بە دزینی ماتۆڕسكیلی هاووڵاتییەك.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، كە ئەمڕۆ سێشەممە 22-9-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دوكان سكاڵای تۆمار كرد كە (ماتۆڕسكیلێكی سێ تایی) لێدزراوە، بڕیاری دادوەر وەرگیرا و دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكان، زانیاری پێویست كۆكرایەوەو بەسوود وەرگرتن لەكامێراكانی چاودێریی، توانرا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دوكان بەهاوكاری ئاسایشی دوكان و نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، دەستگیر بكرێن.
لەكاتی دەستگیركردنی دوو تۆمەتبارەكەدا، دەستبەسەر ماتۆڕسكیلێكی سێ تایی گیرا، كە تاوانەكەیان پێ ئەنجامدابوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشیكردووە، دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە هەردوو تۆمەتبار لە دوكانێكی فرۆشتنی كەلوپەلی ماتۆڕسكیل، كەلوپەلیان دزیوە، بۆیە خاوەنی دوكانەكە سكاڵای لەسەر تۆماركردن. لەئێستاشدا تۆمەتباران (ی، ص، م لەدایكبووی 1993 - ج، م، ع لەدایكبووی 2005) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (446) لەیاسای سزادانی عیراقی، راگیراون و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامە.