راچڵەكین -
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی نوێی سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ كەسوكاری شەهیدان دەركرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڵاویكردەوە، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بڕگەیەكی تایبەت بە ڕێنماییەكانی یاسای خانەنشینیی هەمواركردەوە و بازنەی سوودمەندبووانی لە درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ فراوانتر كرد.
بەپێی فەرمانە نوێیەكەی ئەنجومەنی وەزیران، بە ژمارە (١١٧٦٠) لە ڕۆژی ٢٠٢٦/٩/١٧، بڕگەی (سێیەم/٢) لە فەرمانەكانی پێشووتر هەموار كراوەتەوە. لە دەقە هەمواركراوەكەدا بڕیار دراوە، كە مافی درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، جگە لە كەسوكاری شەهیدانی هەرێمی كوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
* ئەو فەرمانبەرانەی كەسوكاری پلە یەك و پلە دووی شەهیدانی كوردی فەیلین.
* ئەو فەرمانبەرانەی كەسوكاری پلە یەك و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، كە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٦ی هەمواركراو تۆماركراون.
هەروەها لە فەرمانەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە، كە مەرجی سەرەكی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشكەشكردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستكردنەوەی دۆسییەكانیان.