ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 99

ئەرشیف


راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كە یەكێكیان تایبەتە بەپێشمەرگە كۆدەبێتەوە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، كاتژمێر 10:00ی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە 23ی ئەیلولی 2026 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە.

بە گوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم،كۆبوونەوەكە دوو تەوەر لەخۆدەگرێت. تەوەری یەكەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كاروباری پێشمەرگە كە تایبەتە بە پڕۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەت و هەنگاو و پلانەكانی قۆناغی داهاتوو.

هاوكات، خستنەڕووی هەوڵەكان بۆ یەكسانكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە دامەزراوەكانی بەرگریی حكومەتی فیدراڵی، لەگەڵ تەرخانكردنی پێداویستییە داراییەكان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكاندا.

لە تەوەری دووەمدا پێشنیاری بەكاركردنی یاسای فیدراڵیی كۆمپانیا گشتییەكانی ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی دەخرێنەڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی یەكخستنی تەشریعاتی بازرگانی و ئابووریی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن