بافڵ جەلال تاڵەبانی: دانوستانكارانی ئێرانی و ئەمریكی ئەوەیان بۆ جیهان سەلماند كە پاڵەوانبوون چۆنە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 103


راچڵەكین-

سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ستیشی بەرشێوەچوونی گەڕێكی نوێی دانووستان لەنێوان بەرپرسانی ئەمریكاو ئێران دەكات و دەڵێت:" دانوستانكارانی ئێرانی و ئەمریكی ئەوەیان بۆ جیهان سەلماند كە پاڵەوانبوون چۆنە."

بافڵ جەلال تاڵەبانی، رۆژی چوارشەممە 23ی ئەیلولی 2023 لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" بۆ ناوچەكەمان، كاریگەرییە گەورە و بەردەوامەكانی ئەم بارودۆخە بە هیچ شێوەیەك نابێت كەم سەیربكرێن. لێكتێگەیشتنی سەركەوتووانەی نێوان واشنتن و تاران، دەبێتە بناغەیەكی راستەقینە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتییەكی بەردەوام، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووریی هاوبەش بۆ هەموو لایەك."

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:

ئەمڕۆ، جیهان بە هیوایەكی زۆرە دەڕوانێتە كۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیویۆرك بۆ گفتوگۆكردنێكی تایبەت و مێژوویی.
بە ناوی گەلی كوردەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و ستایشم ئاڕاستەی سەركردایەتی و دانوستانكارانی ئەو دوو گەلە مەزنە دەكەم.

بوێرییەكی مەزنی دەوێت بۆ تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە دووبەرەكی، بەڵام سەركردایەتی راستەقینە بەو جەنگانە ناپێورێن كە دەیانكەین، بەڵكو بوێری هەنگاونان و بەرقەراركردنی ئاشتییە. 

دانوستانكارانی ئێرانی و ئەمریكی ئەوەیان بۆ جیهان سەلماند كە پاڵەوانبوون چۆنە و چۆن بە ژیری، كرداری و ئازایەتییەكی نكۆڵی لێنەكراو رووبەڕووی ئاڵۆزییەكان دەبنەوە.

رێككەوتنێكی هەمیشەیی لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێراندا تەسلیمبوون یان لاوازی دەسەڵات نییە، بەڵكو سەركەوتنێكی هاوبەشە. لەم ساتەدا، كلیلی سەركەوتنی هەر نەتەوەیەكیان بە دەستی ئەوی دیكەیانە. بە كاركردنی پێكەوەیی، هێز و توانای ئەوەیان هەیە كە بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییە گرنگەكانیان بكەن، كەرامەتی خۆیان بپارێزن و بە جیهانی نیشان بدەن كە شكۆمەندی لە دیپلۆماسیدایە. لەم بارودۆخەدا، پێویست ناكات هیچ لایەنێك بەسەر لایەكەی تردا زاڵ بێت؛ بەڵكو دەكرێت هەردوولا ببنە هاوبەش لە سەركەوتنێكی مێژویی بۆ ئاسایشی جیهانی.

خەڵكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە گیانی داهێنان، ئازادی و سەركردایەتی ناسراون و خەڵكی شكۆمەندی ئێرانیش، میراتگری شارستانییەتێكی مەزنن بە كولتوورێكی دەوڵەمەند، خۆڕاگر و ژیری ناسراون، شایستەی داهاتوویەكن دوور لە ئاڵۆزی و توندوتیژی.

ئەم كۆبوونەوەیە دەرگا بە رووی سەردەمێكی نوێدا دەكاتەوە، كە تێیدا دەتوانرێت خواستەكانی هەردوو كۆمەڵگا لە كەشوهەوایەكی شكۆمەندانەدا بهێنرێنە دی.

بۆ ناوچەكەمان، كاریگەرییە گەورە و بەردەوامەكانی ئەم بارودۆخە بە هیچ شێوەیەك نابێت كەم سەیربكرێن. لێكتێگەیشتنی سەركەوتووانەی نێوان واشنتن و تاران، دەبێتە بناغەیەكی راستەقینە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتییەكی بەردەوام، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووریی هاوبەش بۆ هەموو لایەك.

بۆ ئەو سەركردە و دیپلۆماتكارانەی كە بەردەوامن لە ئەم كارە گرنگە: جیهان چاوی لە ئێوەیە و دڵمان لەگەڵتاندایە. بە هەمان ئەو رۆحییەت و بوێرییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆن كە لەسەر ئەم مێزە كۆیكردنەوە، بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن. ئێوە پێشتر ئەوەتان سەلماندووە كە گۆڕانكاریی مێژوویی شتێكە بەدەستدەهێندرێت، ئێستاش، با بەڵێنی سبەینێیەكی پڕ لە ئاشتی بدەین.

خودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن