ناوەڕۆكی كۆبوونەوی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرا دەبێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 245

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیران، شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێم رادەسپێرێت لە دانوستانەكانی بودجەی ساڵی 2027دا بەردەوام بێت لە هەوڵەكان بۆ جێگیركردنی مووچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەكان و پێداویستییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ژمارەیەك بابەتی گرنگی پەیوەست بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، داشكاندنی قەرزە كۆنەكانی كارەبا و ڕێكخستنی چالاكییە ئابووری و بازرگانییەكانی تاوتوێ كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، وەزیری كاروباری پێشمەرگە، ڕاپۆرتێكی وردی سەبارەت بە پرۆسەی ڕێكخستن و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە خستەڕوو و هەنگاوە ئەنجامدراوەكان و پلان و پێداویستییەكانی قۆناغی داهاتووی پرۆسەكەی ڕوون كردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا، هەروەها باس لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا بۆ یەكسانكردنی مووچە، پلە، دەرماڵە و شایستە دارایییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە دامەزراوەكانی بەرگریی حكومەتی فیدراڵ و جێگیركردنی پێداویستییە دارایییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكانی بودجەی فیدراڵی؛ بەو پێیەی هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پشكی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینكردنی خەرجییە سیادییەكان، لەوانە خەرجییەكانی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ دەكات؛ بۆیە پێویستە مووچە، دەرماڵە و شایستە دارایییەكانی پێشمەرگە، لەگەڵ خەرجییەكانی بەكاربردن، ڕاهێنان، پڕچەككردن و پڕۆژەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێوەری یەكسان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكانی بودجەی فیدراڵیدا جێگیر بكرێن.

پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، هەنگاوی گرنگی بڕیوە؛ سەرجەم پێشمەرگەكان تۆماری بایۆمەترییان بۆ كراوە، پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەكانیان ئەنجامدراوە و لیستی ناو و زانیارییەكانیان لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ وردبینی كراوە.

دواتر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی بە دەسكەوتێكی مێژوویی و نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان دانا و جەختی لەوە كردەوە، كە یەكخستنەوە تەنها ڕێكخستنەوەی یەكە سەربازییەكان نییە، بەڵكوو پرۆسەیەكی دامەزراوەییە بۆ ڕێكخستنی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و یەك فەرماندەیی و بڕیاری دامەزراوەیی بە جۆرێك پێشمەرگە ببێتە سوپایەكی نیشتمانی كە ئامانجی سەرەكی بەرگریكردن بێت لە خاك و خەڵكی كوردستان.

سەرۆك وەزیران جەختیشی لە گرنگی پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و یەكسانكردنی بە هاوتاكانیان لە سوپای عێراق كردەوە .

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەركەوتنی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و بە دەسكەوتێكی نیشتمانی و دامەزراوەیی ناوی برد و جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی چاكسازی و پیشەییكردنی وەزارەتی پێشمەرگە و پاراستنی دەسكەوتەكانی كردەوە. هەروەها پێداگریی لەسەر یەكسانكردنی مووچە و شایستە دارایییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە دامەزراوەكانی بەرگریی حكومەتی فیدراڵ كرد.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان كرد بۆ ئەم هەنگاوە مێژووییە و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كرد كە ڕۆڵیان لە سەرخستنی پرۆسەكە هەبووە، بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هێزەكانی هاوپەیمانان و هاوبەشانی پرۆسەی ڕێكخستن، چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە. هەروەها داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد بە گیانی بەرپرسیارییەتی نیشتمانی، پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە بكەن.

ئەنجومەنی وەزیران، شاندی باڵای دانوستانكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە لە دانوستانەكانی بودجەی ساڵی 2027دا بەردەوام بێت لە هەوڵەكان بۆ جێگیركردنی مووچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەكان و پێداویستییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ. هەروەها گرنگیی ڕۆڵی نوێنەر و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لەم داواكارییە لە پرۆسەی ئامادەكردن و پەسەندكردنی بودجەی 2027 دووپات كرایەوە.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، دەرئەنجامەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (299) لە 2026/7/22، سەبارەت بە داشكاندنی قەرزە كۆنە كەڵەكەبووەكانی هاوبەشانی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و پێشنیاری درێژكردنەوەی ماوەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە تاوتوێ كرا.

وەزیری كارەبا ڕاپۆرتێكی وردی لەمبارەیەوە خستەڕوو و ئاستی وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان، بڕی قەرزی یەكلاییكراوە و كاریگەریی بڕیارەكە لەسەر ڕێكخستنەوەی دۆسیەی قەرزە كەڵەكەبووەكان و دابینكردنی بەشێك لە خەرجییەكانی كەرتی كارەبای ڕوونكردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە ئامانجی بڕیارەكە، لە لایەكەوە سووككردنی بارگرانیی دارایی لەسەر هاووڵاتیان و هاندانیانە بۆ یەكلاییكردنەوەی قەرزە كۆنەكانە و لە لایەكی دیكەشەوە، زیادكردنی توانای داراییی وەزارەتی كارەبایە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بەرهەمهێنان، لەوانە كڕینی غازی سروشتی و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزاریی كارەبا.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاری دا ماوەی سوودمەندبوون لە داشكاندنی قەرزە كۆنە كەڵەكەبووەكانی كارەبا لە 2026/9/24 تا 2026/10/18 بە هەمان مەرج و بڕگەكانی بڕیاری پێشوو درێژ بكرێتەوە؛ بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێت لە داشكاندنەكە سوودمەند بن و قەرزەكانیان یەكلایی بكەنەوە و داهاتی بەدەستهاتووش جارێكی دیكە بۆ دابینكردن و باشتركردنی خزمەتگوزاریی كارەبا خەرج بكرێتەوە.

لە بڕگەی سێیەم و كۆتایی كۆبوونەوەدا، پێشنیاری دەستپێكردنی ئامادەكارییە یاسایی و كارگێڕییەكان بۆ جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵیی كۆمپانیا گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان خرایەڕوو؛ بە مەبەستی نزیككردنەوە و هەماهەنگكردنی چوارچێوە یاسایی و ڕێكارییەكانی چالاكییە ئابووری و بازرگانییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ.

لە پێشكەشكردنی بابەتەكەدا، كە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری كۆمپانیاكانیش بۆ ئەم مەبەستە میوانداری كرا بوو، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گرنگیی كۆمپانیا گشتییەكانی وەك ئامرازێكی گرنگی حكومەت بۆ بەڕێوەبردنی چالاكییە ئابووری، بازرگانی، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەكان ڕوون كردەوە. هەروەها باسی لە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی حكومەتی فیدراڵ لەم بوارەدا كرد، بە شێوەیەك كە دامەزراوە گشتییەكان بتوانن بە كارایی و خێرایی زیاتر چالاكی بكەن و لە هەمان كاتدا پابەند بن بە بنەماكانی چاودێری، شەفافیەت و پاراستنی سامانی گشتی.

دواتر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری كۆمپانیاكان، جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیكردنی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەكان لە بوارەكانی كۆمپانیا، بازرگانی، وەبەرهێنان و چالاكییە ئابوورییەكان كردەوە؛ بە مەبەستی كەمكردنەوەی جیاوازییە یاسایی و ڕێكارییەكان، ئاسانكاریكردن بۆ كۆمپانیا و بازرگانانی هەرێم بۆ چالاكیكردن لە سەرانسەری عێراق و دروستكردنی ژینگەیەكی یاسایی ڕوونتر و گونجاوتر بۆ كەرتی گشتی و تایبەت.

لە كۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری   جێبەجێكردنی یاسای كۆمپانیا گشتییەكان ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان دا ، هاوشانی یاسای كۆمپانیاكان ژمارە (21)ی ساڵی 1997ی هەمواركراو، وەك دوو یاسای تەواوكاری یەكتر؛ بە مەبەستی كاراكردنی دامەزراوە گشتییەكان، پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگكردنی چوارچێوە یاساییەكان لەگەڵ یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن