راچڵەكین -
سندوقی وەرگرتنەوەی پارەكانی عیراق لە دەرەوە، گەڕاندنەوەی 13 ملیۆن دۆلار رادەگەیەنێت، كە پێشتر لە بانكەكانی فەرەنسا بلۆككرابوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-9-2026، سندوقی وەرگرتنەوەی پارەكانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكرەوە، لە درێژەی هەوڵەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی پارە درزاوەكانی عیراق كە رەوانەی دەرەوەی وڵات كراون، توانیوانە بڕی 13 ملیۆن دۆلار بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت، كە لە بانكەكانی فەرەنسا بلۆككرابوون.
محەمەد عەلی لامی، سەرۆكی ئەنجومەنی سندوقەكە رایگەیاندووە، گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە بانكەكانی فەرەنسا، پشتبەستوو بووە بە فەرمانی دادگای عیراقییە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان، كۆی پارەكە خراوەتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی عیراق.
سەرۆكی ئەنجومەنی سندوقی وەرگرتنەوەی پارەكانی عیراق، ئاشكرایكرد، گەڕاندنەوەی 13 ملیۆن دۆلار لە بانكەكانی فەرەنسا، بە هاوكاریی حكومەتی فەرەنسا بووە، كە لەمیانی سەردانەكەی عەلی زەیدی بۆ پاریس و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە، بەڵێنی هەموو جۆرە هاوكارییەكی پێدابوو لە ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی عیراق لە بانكەكانی فەرەنسا.
حكومەتی عیراق لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی پارە درزاوەكانی عیراق لە دەرەوە، كە ماوەی چەند ساڵێكە دەستی پێكردووە، تائێستا توانیویەتی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە، كە لە بانەكانی دەرەوەی وڵات بلۆككرابوون.