راسپاردەكانی چارەسەركردنی قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێم واژۆ كرا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 190

راچڵەكین -

لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راسپاردەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان، ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان دەكات و سەرۆكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: ئامانج لەو راسپاردانە دابینكردنی سوتەمەنییە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەنرخێكی پاڵپشتیكراو هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: دوای هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر بۆ بەدواداچوون بۆ قەیرانی سوتەمەنی بە تایبەتی ماددەی بەنزین لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دیراسەكردنی هۆكارەكانی ئەم قەیرانە، لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عیراق هەستاین بە پێكهێنانی لێژنەیەكی لاوەكی سەبارەت بە تەرخانكردنی بڕی 50 هەزار بەرمیل ڕۆژانە لە نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدرال و ڕادەستكردنی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پاڵاوتنی و دابینكردنی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەنرخێكی پاڵپشتیكراو هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق . 

سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز وتیشی:" راسپاردەكان لەلایەن لیژنەكەمانەوە بەرزكرایەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان و بەردەوامیش دەبین لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەم ڕاسپاردانە، بۆئەوەی ببنە هۆكاری چارەسەری بنەڕەتیی بۆ كێشەی كەمی سوتەمەنی بەتایبەتی ماددەی بەنزین".

ئەو راسپاردانەی لەلایەن لیژنەی نەوت و غازەوە بەرزكراونەتەوە، بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

یەكەم: دابینكردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانەوە  و بڕی شایستە بۆ هەر پارێزگایەكی هەرێم هاوشێوەی ئەژماركردنی بڕەكە بۆ هەموو پارێزگاكانی دیكەی عێراق دیاری دەكرێت.

 دابەشكردنەكەش بەپێی میكانیزمی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەبێت. لە حاڵەتی هەبوونی كەمی لە بڕی سووتەمەنیدا، بڕەكە بە یەكسانی بەسەر هەموو پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت. لەم حاڵەتەدا، دابینكردنی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ هەرێم هەڵدەوەشێندرێتەوە و لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەكرێت، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڵێن دەدات كە بەرهەمە نەوتییەكان لە پارێزگاكانی هەرێمدا بەپێی ئەو نرخە بفرۆشێت كە لای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پەسەند كراوە.

دووەم: لە حاڵەتی پەسەندكردنی پێشنیازی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ زیادكردنی نەوتی خاوی دابینكراو لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ زیاتر لە 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە، پێشنیاز دەكەین:

1. لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی قەیرانەكان هاوشێوەی هەموو پارێزگاكانی دیكە.

2. دیاریكردنی بڕەكە لە ڕێگەی لیژنەیەكی تەكنیكی بەشداری كۆمپانیاكانی پاڵاوگەكان و كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.

3. فرۆشتنی نەوتی خاوی ناوخۆیی بۆ هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی پاڵاوگەكانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق.

4. ڕادەستكردنی نەوتی ڕەش بە هەمان ئەو میكانیزمەی كه لە باقی پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا پەیڕەو دەكرێت.

5. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڵێن دەدات كە هاووڵاتییانی هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا پەسەند كراوە دابین بكات.

6. یەكلاكردنەوەی تێچووی پاڵاوتن لە نێوان پاڵاوگەكانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی هەموو ساڵێكدا بە مەبەستی دانه وه ی تێچوەكان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن