راچڵەكین-
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژكردنەوەی زانكۆلاینی بۆ ماوەی 48 كاتژمێر تر راگەیاند. ئاماژەی بەوەشكردووە:" تا ئێستا 70% دەرچووانی ئەمساڵ داواكارییان بۆ زانكۆلاین پێشكەشكردوە."
وەزارەتی خوێندنی باڵا لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تا ئێستا فۆڕمی (زانكۆلاین) یان پڕنەكردۆتەوە یان تەواویان نەكردوە، بڕیاردرا ماوەی زانكۆلاین (48) كاتژمێری دیكە واتە تا كاتژمێر 12:00ی شەوی شەممە 26-9-2026 بۆ دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئاماەیی درێژبكرێتەوە.
وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو دەرچووانەی پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەر هۆكاربێت نەیانتوانیوە فۆرمی زانكۆلاین پڕبكەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمی زانكۆلاین تەواو بكەن، هەروەها دەرچوانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان و پیشەییەكانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 كاتژمێرەدا فۆرمی زانكۆلاین پڕبكەنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت:" داوا لە دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەكەین، كە تا ئێستا فۆڕمی زانكۆلاین یان پڕنەكردۆتەوە، پێویستە لەماوەی ئەو 48 كاتژمێرەدا پەلەبكەن و تەواوی هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕكردنەوەو تەواوكردنی فۆرمی زانكۆلاین چونكە ئەمە دواین دەرفەتەو چیتر ماوەی زانكۆلاین درێژناكرێتەوە."