ناتانیاهۆ سەردانی ئیمارات دەكات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 90

راچڵەكین-

پێگەی ئاكسیۆس ئاشكرایكردووە، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسرایل بەنهێنی سەردانی ئیماراتی عەرەبی كردووە.

بەگوێرەی ماڵپەرە ئەمریكییەكە بێت، ڕۆژی یەكشەممە 27ی ئەیلول ناتانیاهۆ گەیشتووەتە ئەبوزەبی و لەگەڵ شێخ محەممەد بن زایدی سەرۆكی ئیمارات كۆبووەتەوەو هەمان ڕۆژ گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.

هاوكات ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاویكردوەتەوە، ناتانیاهۆ بەفڕۆكە تایبەتەكەی چووەتە ئەبوزەبی و لەگەڵ شێخ زاید گفتوگۆیان لەسەر ئەو دەنگۆیانە كردووە، كە دەڵێن پێش " زریانی ئەقسا" لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 بن زاید ناتانیاهۆی ئاگادار كردووەتەوەو هۆشداری پێداوە.

وەك ڕۆژنامە ئیسرایلییەكە بڵاویكردووەتەوە، سەردانەكە دەستپێشخەریەكی ئیمارات بووە بەرامبەر ناتانیاهۆ، كارێكی سروشتیشە كە هەردوو سەرۆك باسیان لەڕاپۆرتەكانی تایبەت بە ڕووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر كردبێت، هەروەك باسیان لەهەڕەشەكانی ئێران و هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك دژ بەتاران كردووە.

پێشتر ڕۆژنامەی هائارێتس بڵاویكردبوەوە، نزیكەی 10 ڕۆژ پێش ڕووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر، بنیامین ناتانیاهۆ هۆشدارییەكی لە شێخ محەممەد بن زاید پێدراوە، بەڵام گوێی پێ نەداوەو سوپاو دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرایلی لێ ئاگادار نەكردووەتەوە.

هەر ئەو كات نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرایل ڕەتیكردەوە، هیچ هۆشداریەك لەلایەن سەرۆكی ئیمارات بە ناتانیاهۆ نەدراوە، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە پێدەچێت لەڕێی كەناڵە هەواڵگرییەكانەوە پەیام ئاڵوگۆڕ كرابێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن