وەزارەتی پێشمەرگە: جێهێشتنی هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەمریكاوە مایەی نیگەرانییە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 161

راچڵەكین-

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، جێهێشتنی هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە دۆخێكی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینكردنی هیچ سیستەمێكی بەرگری مایەی نیگەرانییە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی دووشەممە 28ی ئەیلولی 2026 ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە ڕۆژی 30ی ئەیلول هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەكشێنەوە، ئەم كشانەوەیە دەرئەنجامی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی حكومەتی عیراقی فیدراڵ و ئەمریكا و هاوپەیمانانە.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عیراق لە كاتێكی هەستیاردایە؛ بە تایبەت كە بارودۆخی ئاسایشی عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونكە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەكە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەكە.

لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران لە مانگەكانی ڕابردوو ، هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی، مووشەكی بالیستیك بووەتەوە، كە بەشێكیان لەسەر ناوچە مەدەنییەكان كەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شەهید و بریندار و زیانی ماددی لێكەوتۆتەوە.
 
لەبەشی:َی تری راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، جێهێشتنی هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە دۆخێكی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینكردنی هیچ سیستەمێكی بەرگری مایەی نیگەرانییە، لە هەمان كاتدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین كە ئاسمانی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە ئاسمانی حكومەتی فیدڕاڵ، ئەركی لە پێشینەی حكومەتی فیدڕاڵە كە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.

"هێزی پێشمەرگە وەك چۆن لە ڕابردوو پارێزەری خاك و خەڵكی كوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێكی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێكی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و ڕووبەڕووی مەترسیەكان ببێتەوە."

وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوەكەیدا سوپاسی زۆری ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەكات و ڕێز لە هاوكاری و پشتیوانیان دەگرێت لە ڕابردوودا بەرامبەر هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشكەشیان كردووە. ئاماژەی بەوەشكردووە:"وەزارەتی پێشمەرگە وەك بەشێك لەسیستەمی بەرگری عێراق لەگەڵ سوپای عێراق دا پەیوەندیەكی دەستوریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەكاركردنی هاوبەش دا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت."

وەزارەتی پێشمەرگە خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكاتەوە كە كوردستان لە دەستێكی ئەمین و ئاشتی خوازدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن