راچڵەكین-
ئەم كتێبە ئەزموون و ئەندازیارییەكی نوێی (كۆمەڵناسیی دەروونیی كردارییە) یەكەمین كتێبە بەم تەكنیكە بە زمانی شیرنی كوردی بنووسرێت، یەكەمین هەوڵی ڕەسەنی كوردییە كە بە تەكنیكێكی داهێنەرانە (چیرۆك + شیكاریی كۆمەڵناسی و دەروونی + ڕاهێنانی پراكتیكی) داڕێژراوە، تا خوێنەر لە وەرگرێكی یاخود خوێنەرێكی ناچالاكەوە بكاتە بەشداربوو و كاپتنی ڕاستەقینەی گۆڕانكارییەكانی ژیانی.
ئەم كتێبە بەو ئامانجە نووسراوە ببێتە پاڵنەرێك بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت كۆنترۆڵی ژیانی خۆی بكات و پەرە بە تواناكانی بدات، چونكە ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین وەك دەریاییەكی شێواو وایە زۆربەی مرۆڤەكان وەك پەلەوەرێكی سەر ئاو بە بێ هێڵكارییەكی ڕوون تەمەنیان بەفیڕۆ دەدەن، لەبەرئەوەی كۆنتڕۆڵی ژیانیان داوەتە دەست شەپۆلە هەڕەمەكییەكانی دەرەوە و لەبەردەم جۆرێك لە پرسیاری گەورەدا دەستەوەستان وەستاون. لە كاتێكدا مەوداكانی نێوان كیشوەرەكان كورت بوونەتەوە، مەودای نێوان دوو دڵ لە ناو یەك ماڵدا بووەتە هەزاران كیلۆمەتر، مرۆڤی ئەمڕۆ ئەگەرچی لە دەرەوە بەهێز و خاوەن زانیارییەكی بێشوومار دیارە، بەڵام لە ناوەوە بریندارە و لە ژێر باری قورسی نامۆبوون و ونبوونی مانادا خەریكە دەخنكێت.
ئەم كتێبە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بتوانیت نەخشەڕێگاییەكی باش و چاكت هەبێت بۆ سەركەوتن، چونكە ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كە جەنجاڵی، ژاوەژاوی دیجیتاڵی و لافاوی قەیرانەكان، بە بێدەنگی شوناس و ئیرادەی تاكیان ون كردووە. زۆربەی مرۆڤەكان دەپرسن: لە ناو ئەم زریانی ناخۆشی و جەنجاڵییەدا، چۆن هاوسەنگی و ئاشتیی ناوەكی خۆم بپارێزم؟ چۆن لە ناو ئازارەكاندا ببمە پۆڵا و كاپتنی ڕاستەقینەی كەشتیی ژیانی خۆم؟
كتێبی (لەنگەری ئارامی؛ نەخشەڕێگای سەركەوتن و بەرەنگاربوونەوەی كێشەكان) لە دە بەش پێكهاتووە، دابەشبووەتە سەر چوار قوناغی ژیان. نەخشەڕێگایەكی وردە خوێنەر تیایدا هەنگاو بە هەنگاو بە ناو چوار قۆناغی بونیادنەردا تێدەپەڕیت تا كارەكتەری خۆی لە سەر زەوی واقیع وەك چیا بچەسپێنیت:
قۆناغی یەكەم (عەقڵی هۆشیار): ناسینی شوناسی (ناسنامە) ڕاستەقینە و دروستكردنی ئیرادەی پۆڵاین.
قۆناغی دووەم (زریانی قەیرانەكان): هونەری مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە ئابووری، كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان. كەمكردنەوەی ژەهری دیجیتاڵی و فەلسەفەی دووبارە دەستپێكردنەوە.
قۆناغی سێیەم (كەناری ئارامی): بونیادنانی پەیوەندیی تەندروست و بەجێهێشتنی جێدەست.
قۆناغی چوارەم (ڕێنمایی مانەوە و بەردەوامی): یاساكانی ڕێكخستنی ناخ و دروستكردنی مێژووی كەسی.
ئا/ وریا مەعروف گەردی