یەكێتی لەسەر شەهیدبوونی دوو گەنجی ناحیەی پردێ دێتەدەنگ

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 94

راچڵەكین -

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رووداوەكەی ناحیەی پردێ دێتەدەنگ كە بەهۆی تەقەی هێزەكانی دژەتیرۆری عیراقەوە دوو گەنجی كورد شەهید بوون، داواش لە سەرۆكوەزیرانی عیراق دەكات لێكۆڵینەوەی زۆر جددی لە ڕووداوەكە بكرێت و كەمتەرخەمان رووبەڕووی سزای یاسایی بكرێنەوە.

كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2026 بڵاویكردەوە، رایگوەیاندووە، "ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە وردیی و نیگەرانییەكی قوڵەوە چاودێریی ئەو رووداوە نەخوازراوەی شاری كەركوكی خۆشەویست دەكەین، كە بەداخەوە دوێنێ دوو گەنجی كورد لەپردێ تێیدا شەهید بوون". 

لە بەشێكی راگەیەنداوەكەدا هاتووە، لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەركوك شاری پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی پێكهاتەكانە و لە رابردووشدا، لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر رۆڵی پێشەنگ و كاریگەریی هەبووە، بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان و هاوئاهەنگی تەواوی هێزە عێراقییەكان، ئێستاش ئامادەیی تەواوەتیمان هەیە لە بەرگریكردن لەكەركوك و تەواوی خاكی عێراق، بەڵام نابێت تیرۆر و خەڵكی سڤیل تێكەڵ بكرێن.

وتەبێژی یەكێتی داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە، كە لیژنەی پێكهێندراو لە ڕووداوەكە رابسپێرێت، لێكۆڵینەوەی زۆر جددی لە ڕووداوەكە بكرێت و كەمتەرخەمان ڕووبەڕووی سزای یاسایی بكرێنەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن