گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف دەستپێدەكاتەوە

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 118

راچڵەكین -

حكومەتی عیراق بڕیاریدا بە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف و لەمەودوا رۆژانەی 40 گەشتی هاتن و چوون ئەنجام دەدرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 2-10-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ ئاسانكاریی جموجۆڵی هاتن و چوونی گەشتیاران بۆ عیراق و بە پێچەوانەوە، هەروەها چاودێریكردنی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق بۆ دۆسیەی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی ئێران بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف، لەڕێی زنجیرەیەك پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، رێككەوتن كرا بۆ رێگەدان بە 40 گەشتی رۆژانەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی ئێران (هاتن و چوون) بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، جگە لە كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ماهان.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عیراق سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی پۆزەتیفی ئیدارەی ئەمریكا دەكات بۆ ئەو مەبەستە، كە هاوكار دەبێت لە چارەسەركردنی ئەو دۆسییەیە و ئاسانكاریكردن بۆ جووڵەی گەشتیاران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن