جەزائیر دوایین هەڵوێست لەبارەی پچڕاندنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیمارات ئاشكرا دەكات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 28

راچڵەكین -

سەرۆكی جەزائیر پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیمارات بە بڕیاری كۆتایی وڵاتەكەی وەسفدەكات و راشیدەگەیەنێت: بەهیچ شێوەیەك لەو بڕیارە پاشگەزنابینەوە.

عەبدولمەجید تەبون، سەرۆكی جەزائیر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هۆكاری بڕیاری وڵاتەكەی بۆ پچڕاندنی  پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئیمارات ئاشكراكرد و رایگەیاند: دەسەڵاتدارانی ئەبوزەبی هەوڵی ستەمكاریی دەدا بەرامبەر جەزائیر و لەڕێی كەرتی نەوتەوە چاوی بڕیبووە سامانی وڵاتەكەمان، ئەم كارەش هەرگیز جێی قبوڵكردن نەبوو.

سەرۆكی جەزائیر ئاماژەی بەوەشكرد كە ئیمارات هەوڵی دەستوەردانی دەدا لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی لەڕێی پاڵپشتیكردنی گروپە جوداخوازەكانی جەزائیر، سەرباری لایەنگریكردنی مەغریب كە لەگەڵ جەزائیر لە ناكۆكییەكی قووڵدایە.
 
عەبدولمەجید تەبون وتیشی:" هەوڵی زۆرماندا تا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئیمارات نەگاتە ئاستی پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، بەڵام حكومەتی ئەبوزەبی بەردەوام بوو لە كارە دوژمنكارییەكانی بەرامبەر جەزائیر، ئەمەش وایكرد چیتر دەرفەتێك نەمێنێت بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەكی دۆستانە لەنێوان هەردوو وڵات".

رۆژی 10-9-2026، حكومەتی جەزائیر بە فەرمی بڕیاریدا سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیمارات بپچڕێنێت، وەزارتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش مۆڵەتی 48 كاتژمێری بە باڵیۆزی ئیمارات دا تا خاكی وڵاتەكەیان جێبهێڵێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن