راچڵەكین -
هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەنا سامەرایی، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكەی لە ریزەكانی دەردەكات و هۆكارەكەشی بۆ پابەندنەبوونی ئەو پەرلەمانتارە بە بڕیار و دیسپلینەكان دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 4-10-2026، هاوپەیمانیی عەزم لە راگەیەندراوێكدا، بەفەرمی دەركردنی مەحمود قەیسی، سەرۆكی كوتلەی عەزمی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ریزەكانی هاوپەیمانییەكە راگەیاند.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەركەوتووە مەحمود قەیسی لە سیاق و بڕیارەكانی هاوپەیمانییەكە دەرچووە و پابەندی رێكارەكانی عەزم نەبووە سەبارەت بە كاری سیاسی و پەرلەمانتاریی.
هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیاری دەركردنی ئەو پەرلەمانتارە لە ریزەكانمان لەپێناو پاراستنی یەكێتیی هەڵوێست و یەكڕیزیی هاوپەیمانییەكەیە لە كاری پەرلەمانیی و لەمڕۆوە مەحمود قەیسی هیچ پەیوەندییەكی بە ریزەكانی عەزم-ەوە نەماوە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا كەسێك بۆ سەرۆكایەتی كوتلەی عەزم لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشان دەكرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، بڕیاری دەركردنی سەرۆكی كوتلەی عەزم لەریزەكانی هاوپەیمانییەكە، بە بڕیاری راستەوخۆی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم بووە، كە ئێستا لە زیندانە.