راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمریكا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گولـلەبارانكردنی نیزاڵ حەسەن كەپێشتر لەڕیزەكانی سوپای ئەمریكا پزیشك بوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی كوشتن لە بنكەی سەربازی فۆرت هود لە ساڵی 2009، سزای مردنی بەسەردا سەپێندراوە.
شۆن بارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن دەڵێت، ڕەزامەندییەكەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ڕاسپاردەی پیت هێگێست-ی وەزیری جەنگ بووە، بەڵام تائێستا وادەو كاتی گوللەبارانكردنەكە دیاری نەكراوە. وەك تۆڕی ئەی بی سی نیوز بڵاویكردووەتەوە.
نیزاڵ حەسەن كەوەك پزیشكی دەروونی لەنێو ڕیزەكانی سوپای ئەمریكا كاری دەكردو پلەكەی ڕائیدبوو، لەساڵی 2009 دا لەناو بنكەی سەربازی فۆرت هود لە ویلایەتی تەكساس بەچەك هێرشیكردە سەر ژمارەیەك سەرباز، بەهۆیەوە 12 سەربازو كەسێكی مەدەنی كوژران، هاوكات 32 كەسی تر برینداربوون. دوای دەستگیركردنیشی بەبرینداری لەساڵی 2013 دا سزای مردنی بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی یاسا سەربازییەكانی ئەمریكا بێت، پێویستە لەماوەی 60 تا 150 ڕۆژ سزای گولـلەبارانكردنی تاوانبار جێبەجێ بكرێت، بەڵام لە دۆسێكەی حەسەن-دا هیچ وادەیەك تائێستا دیاری نەكراوە.
بەجێبەجێكردنی، دەبێتە یەكەم بڕیاری گولـلەبارانكردن لە دامەزراوەی دادوەری سەربازی ئەمریكا لەدوای ساڵی 1961 كاتێك لەو ساڵەدا سەربازێكی ئەمریكی بەناوی جۆن بینێت تاوانباركرا بە دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن 11 ساڵ لەنەمسا و هەوڵدان بۆ كوشتنی.