راچڵەكین -
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێم، سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە پابەندییەكان و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی دانوستانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە پابەندییەكان و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، ڕۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەكەم 2026، شاندێكی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.
شاندەكە پێكهاتووە لە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و نوێنەری وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ماوەی سەردانەكەدا، شاندی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە كوردستانییەكان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان، كۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێكی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها ماف و شایستە دارایییەكانی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027. لەم چوارچێوەیەشدا، شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندییە دارایی و نەوتییەكانی لەبەرامبەر حكومەتی فیدراڵی جێبەجێ كردووە و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەو پابەندییانە بۆ ساڵی 2027یش، بەشێوەیەك كە هیچ بەهانە یان هۆكارێك بۆ دواخستن، ڕاگرتن یان كەمكردنەوەی ماف و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان نەمێنێتەوە.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری ئاشكرایكردووە، لە كۆبوونەوەكاندا، گفتوگۆ لەسەر كۆی ماف و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، لەوانە مووچە و شایستە دارایییەكانی مووچەخۆران، پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی، هەروەها شایستەكانی هەرێم لە خشتەكانی میلاك و پلەی وەزیفی و خەرجییەكانی بەكاربردن و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خەرجییەكانی سەروەری و حاكیمە، هەروەها ئەو شایستە دارایییانەی كە بەپێی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەكان بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراون.
بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە ماف و شایستە دارایییەكانی هەرێم، لەوانەش مووچە و شایستەكانی مووچەخۆران، لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 بەشێوەیەكی ڕوون و یاسایی جێگیر و پارێزراو بن، بە جۆرێك هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەڕووی ماف و شایستە دارایییەكانەوە هاوتا بن لەگەڵ هاوتاكانیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق، هەروەك دادگای باڵای فیدڕاڵییش جێگیری كردووە.
هەروەها، شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەكان لە پێوەری خەرجییە ڕاستەقینەكان (الإنفاق الفعلی) و هەر كۆتوبەندێكی دیكە كە ببێتە هۆی دواخستن، ڕاگرتن یان كەمكردنەوەی شایستەكان دوور بخرێنەوە و لە بودجەی فیدراڵیدا میكانیزمێكی ڕوون و جێگیر بۆ دابینكردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان دانرێت.