راچڵەكین -
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشداریی لەبارەی كڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی كارتەكان دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەم كارە رێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەكانە.
لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 7-10-2026، سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر ئاڕاستەی سەرجەم سوودمەندانی زەویی فەرمانبەرانی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێكەوتی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، و دواتر دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕێكەوتی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤ كە تایبەتە بە مەرج و ڕێكارەكانی دابەشكردن بە شێوەی قۆناغ و تیروپشك، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕوون دەكەینەوە:
١- بە هەموو شێوەیەك كڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی كارتەكان ڕێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەكانە. تا ئەو كاتەی سەرجەم مامەڵە و ڕێكارە یاساییەكانی تۆماركردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو نەبێت، نابێت هیچ مامەڵەیەكی كڕین و فرۆشتنی لەسەر ئەنجام بدرێت. دوای تەواوبوونی ڕێكارەكان، زەویەكە دەبێتە موڵكی سەربەخۆی خۆی و ئەوكات مافی كڕین و فرۆشتنی هەیە.
٢- بەداخەوە تێبینی كراوە هەندێك لەو فەرمانبەرانەی زەویان بۆ دەرچووە یان ئەوانەی زەوییەكانیان هێشتا بە شێوەی كارتە و تۆمار نەكراوە، دەستیان كردوە بە كڕین و فرۆشتن. ئەم كارە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتی و نایاسایی و ئاڵوگۆڕكردنی زەوییەكە لە نێوان چەندین دەست، لە كاتێكدا هێشتا هیچ تەرخانكردنێكی فەرمی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەو زەوییانە نەكراوە. بەپێی ڕێنماییەكان، ئەم مامەڵانە بێ بنەما و نایاسایین.
٣- داوا لە گشت فەرمانبەران و هاوڵاتییان دەكەین خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە مامەڵانە. هەروەها داوا لە سەرجەم نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەكەین بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری یاسایی دەبن.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاشكرایكردووە، لە كۆی ٨٢ هەزار ناوی فەرمانبەر لە سنووری سەنتەری شاری هەولێر كە ڕەزامەندییان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا ٥٥ هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی و كاركردن لەسەر قۆناغەكانی داهاتوو بەردەوامە.