شوێنەوارێكی مێژوویی لە ئەشكەوتی شاندەر دەدۆزرێتەوە

کەلتوور

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 41

راچڵەكین -

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان و زانكۆی كەیمبریج-ی بەریتانی بڵاوكردنەوەی ئاشكراكردنی توێژینەوەیەكی زانستیی هاوبەش و كاریگەر ڕادەگەیەنن، كە تیشك دەخاتەسەر یەكێك لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەكانی سەردەمی پێش مێژوو لە ئەشكەوتی شانەدەر-ی سنووری پارێزگای هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێم بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی ڕێككەوتن و گرێبەستێكی فەرمی و زانستیی لەگەڵ زانكۆی كەیمبریج-ی بەریتانی بۆ ئەنجامدانی كاری پشكنین و هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە ئەشكەوتی شانەدەر، كە بۆ چەندین ساڵە بە سەركەوتوویی بەڕێوەدەچێت، توانرا یەكێك لە گرنگترین شوێنەوارەكانی سەردەمی پێش مێژوو لە ئەشكەوتی شانەدەر بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بەم هاوكارییە زانستییە، محەمەد لەشكری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور كە ئاگاداری بەبەتەكەیە و كاری وەرگێڕانی بۆ ئەنجامداوە، ڕایگەیاند: هاوكارییە درێژخایەن و بەرهەمدارەكەمان لەگەڵ زانكۆی كەیمبریج و تیمە جیهانییەكەیدا، لە سەرووی هەموویانەوە دكتۆر ئێما پۆمیرۆیی و پرۆفیسۆر گراێم باركەر، بەردەوامە لە دەرخستنی نهێنییە مەزنەكانی مێژووی مروڤایەتی لە هەرێمی كوردستاندا. ئەشكەوتی شانەدەر تەنها كایەیەكی شوێنەواری نییە، بەڵكو دەروازەیەكی جیهانییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی كۆمەڵایەتی، ڕفتارە مرۆییەكان و مێژووی هاوبەشی مرۆڤایەتی. ئێمە زۆر شانازی بەم هاوبەشییە زانستییەوە دەكەین و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین كە شوێنەوارە دەوڵەمەندەكانی ناوچەكەمان بە جیهان بناسێنێت."

لای خۆیەوە، دكتۆر ئێما پۆمیرۆیی، لە بەشی شوێنەوارناسیی زانكۆی كەیمبریج و سەرۆكی تیمی توێژەرانی پرۆژەكە، جەختی لەسەر گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە كردەوە و وتی:" كاركردن لە ئەشكەوتی شانەدەر لەژێر چەتری ئەم گرێبەستە شوێنەوارییەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان، ئەزموونێكی بێوێنە و پڕ لە دەستكەوتی زانستی بووە. هاوكاری و پشتیوانیی بێوچانی بەڕێوەبەرایەتییەكان ڕێگەی پێداوین بگەیەنین بەم ئاستە وردەی لێكۆڵینەوە و بەڵگەنامەكردن. پاشماوەكانی شانەدەر A تیشكێكی نوێ دەخەنە سەر سروشتی ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نیاندەرتالەكان، كە تێیدا توندوتیژی و بەزەیی پێكەوە گرێدراون."

وردەكاریی دۆزینەوە زانستییەكە: برینێكی كوشندە بە ڕمی دارین لە شانەدەردا

بەپێی ئەو توێژینەوە نوێیەی كە لە گۆڤاری زانستیی (Scientific Reports) بڵاوكراوەتەوە، كونێكی بازنەیی لە ئێسكی شانی (scapula) شانیەدەریەكدا (نیاندەرتال) كه تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ۷٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا و لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە (كە بە شانەدەر A ناسراوە)، ڕەنگە كۆنترین بەڵگەی ناسراو بێت لەسەر توندوتیژیی كوشندەی نێوان مرۆڤەكان بە بەكارهێنانی ڕمی دارینی تیژكراو لە تۆمارە بەبەردووەكاندا.

ئێسكی شانی ئەم شانەدەریە ـ كە بەهۆی ژینگەی ناوازەی ئەشكەوتەكەوە لەژێر حەوت مەتر و نیو لە بەرد و خاشاكدا بە تەواوی پارێزراو بووە ـ كونێكی بازنەیی بە پانیی ١٥ ملم پێوە دیارە، كە بە گوتەی شوێنەوارناسان، لەلایەن ڕمێكی دارینی تیژكراوەوە دروستكراوە، چونكە سەرە ڕمی بەردین یان چەخماخە كونێكی گۆشەدار یان تەخت بەجێدەهێڵێت. توێژەران دەڵێن ئەم لێدانە كوشندەیە ڕەنگە وەك تیرێكی مەبەستدار بەرەو دڵ ئاراستە كرابێت و بووبێتە هۆی مردنی خێرای كەسەكە.

سەرەڕای كۆتاییە توندوتیژەكەی، پاشماوەكانی شانەدەر A نیشانەی تریشیان تێدایە؛ لەوانە شكان و لەتبوونی ددانێك لە دەموچاویدا كه نیشانەی لێدانێكی پێشووی سەختە، كەچی كەسەكە لانیكەم بۆ ماوەی ساڵێك یان زیاتر دوای ئەو برینە قورسە ژیاوە. ئەمەش بەڵگەیەكی بێگومانە لەسەر ئەوەی كە ئەم تاكە پێویستی بە چاودێری و پشتگیریی ئەندامانی تری كۆمەڵگەكەی هەبووە بۆ مانەوە، كە نیشاندەری بوونی هاوسۆزی و پەیوەندی كۆمەڵایەتی قوڵە لەنێوان نیاندەرتالەكاندا.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن