راچڵەکین-
کوڕەکانی رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی رایانگەیاند، لە بکوژانی باوکیان خۆشدەبن.
شەوی رابردوو سەڵاح خاشقچی کوڕی جەمال خاشقچی، لە جریوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، لەم شەوە پیرۆز و گەورەیەی مانگی رەمەزاندا ئەو فەرمودەیەی خوای گەورەمان بیردێتەوە كە دەفەرموێت:"ئەوەی لەكەسێك خۆشببێت و ئاشتەوایی دروستبكات، خوا پاداشتی دەداتەوە".
هەروەها نووسیویەتی:" لەو سۆنگەیەوە ئێمە کوڕانی خاشقچی شەهید لە بکوژانی باوکمان خۆشدەبین و پاداشتەکەمان لە خودا وەردەگرینەوە."
جەمال خاشقچی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ دەستگیرکرا و لەلایەن کارمەندانی کونسوڵخانەکەوە بێسەروشوێنکرا. بەھۆی دیارنەمانی تەرمەکەی، تا ئێستا هۆکاری مردنەکەی و چۆنێتی رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە.