راچڵەكین-
ئابووریناسێكی عیراقی دەڵێت، بڕی ڕادەستكراوی نەوتی هەرێمی كوردستان بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم ڕەشنووسی بودجەی 2027.
نەبیل مەرسومی لەهەژماری خۆی بڵاویكردووەتەوە، لەئێستادا عیراق لەڕێی بۆری نەوتی جەهانی توركیا ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات، لەو بڕە 125 هەزار بەرمیل لەكێڵگەكانی كەركوك، 200 هەزار بەرمیل لە كێڵگەكانی بەسرە و 175 هەزار بەرمیل لەكێڵگەكانی هەرێمی كوردستان كەلەبنەرەتدا 255 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرهەمدەهێنێت بەڵام لەو بڕە 80 هەزار بەرمیلی دەڕوات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی.
مەرسومی دەڵێت، ئەوەی جێی سەرنجە لە بودجەی 2027 داوا لەهەرێمی كوردستان كراوە لەبری 175 هەزار بەرمیل، ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكات، سەرەڕای كۆنتڕۆڵی ناوەندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان. كە بەهەمان شێوە لەژێر وردبینی كۆمپانیای ماكینزی نێودەوڵەتیدایە.
بەبۆچوونی ئەو ئابووریناسە عیراقیە، ئەم داواكارییە هۆكارێكی گرنگە بۆ دواخستنی بودجەی 2027 چونكە ڕەزامەندی دان لەسەر ئەو ژمارەیەی هەرێم كە 175 هەزار بەرميل نەوتی ڕۆژانەیە، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی داهاتی گشتی و قووڵبوونەوەی كورتهێنانی بودجە، ئەوەش وا دەكات هەوڵی گەڕان بەدوای سەرچاوەیەكی تردا بدرێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو زیادبوونەی لە كورتهێنانی بودجەدا ڕوودەدات.