راچڵەكین-
دەنگدەرانی ئەمریكی بڕیار لەسەر دوو ساڵی یەكەمی خولی دووەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ دەدەن لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نیوەی خول كە ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت.
ڕاپرسیەكان و شرۆڤەكارانی بێلایەن پێشبینی دەكەن دیموكراتەكان كۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆمارییەكان بسەننەوە، لەكاتێكدا چارەنووسی ئەنجومەنی پیران تا ئێستا نادیارە.
بە ڕوانین لەهەڵبژاردنەكانی پێشووتر، دەبینرێت مێژوو لایەنگری كۆماریخوازەكانی ئەمریكا نییە، حزبەكە كە دۆناڵد ترەمپ یەكێكە لەئەندامەكانی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، جگە لەدوو هەڵبژاردن، تەواوی هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی دۆڕاندووە. لەئێستاشدا ئەوەی هەیە ئاستی جەماوەری ترەمپ بۆ نزمترین دابەزیوە لەلایەك بەهۆی جەنگی ئێران و لەلایەكی تر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەو وڵاتە.
ڕۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەهەوڵێكدا بۆ كاریگەر خستنە سەر دەنگدەرانی ئەمریكا رایگەیاند، دیموكراتخوازەكان توندڕەوترین و مەترسیدارترین كەسیان بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید كردووە لەمێژووی ئەمریكادا.
هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لەسەر تەواوی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت كە ژمارەیان 435 كورسییە لەگەڵ 35 كورسی لەكۆی 100 كورسی ئەنجوومەنی پیران. لەسەر دیموكراتخوازەكانیش پێویستە لانی كەم سێ كورسی ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار كورسی ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنن بۆ مسۆگەركردنی زۆرینە لەهەردوو ئەنجوومەنەكە.