كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی سەوزە لەناوچەی تانجەڕۆ لەناودەبرێن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 113

راچڵەكین -

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە هەڵمەتێكدا سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی سەوزەیان لە ناوچەی تانجەڕۆ لەناوبرد، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش رایدەگەیەنێت: پشكنین بۆ سەوزەكان كراوە و دەكەوتووە شیاو نین بۆ خواردن و مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دروستدەكەن، ڕێكاری یاساییش بەرامبەر خاوەنی ئەو كێڵگانە دەگیرێتەبەر و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێنەوە.

قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 3-11-2026، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، بە هەماهەنگی هێزە ئەمنیەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی سەوزەیان لە ناوچەی تانجەڕۆ لەناوبرد، ئەوەش دوای ئەوەی كە پشكنین بۆ سەوزەكان كرا و دەكەوت بە ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) ئاودەدرێن و شیاو نین بۆ خوارن و مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دروستدەكەن.

بابان ئەحمەد، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند: پشكنینی پزیشكی و تاقیگەیی بۆ جۆری ئەو سەوزەیەی لە كێڵگەكانی ناوچەی تانجەڕۆ بەرهەمدەهێندرا كراوەو بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان دەركەوتووە كە ئەو بەروبوومانە بەهیچ شێوەیەك شیاوی خواردن نین و هەڵگری بەكتریای زیانبەخشن، كە دەبنە سەرچاوەی سەرەكیی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان جەختی لەوەشكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشیی لە سەلامەتیی تەندروستی هاووڵاتیان ناكرێت و ڕێكارە یاساییەكان بەرامبەر خاوەنی ئەو كێڵگانە دەگیرێتەبەر و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن