راچڵەکین-
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) دوای چەندین مانگ لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، بڕیاری دا گروپێکی تایبەت پێکبهێنێت بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو و بەرهەمە سزادراوەکان بۆ ئەو وڵاتە لە رێگەی سنوورە وشکانییەکان و دەریای خەزەرەوە.
ئەم گروپە نوێیە کە ناوی "دەروازەی ئاسنین"ی لێنراوە، لە 20 کارمەندی سەربازی و مەدەنی پێکهاتووە و بنکەکەی لە شاری تەمپا لە ویلایەتی فلۆریدا دەبێت.
گروپەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکانی دیکەی ئەمریکا، سەرنج دەخەنە سەر رێگریکردن لە گواستنەوەی چەک، کۆنترۆڵکردنی کەلوپەلە خاوکان کە بۆ دروستکردنی چەک بەکاردێن و وشککردنەوەی سەرچاوە و رێگە نایاساییەکانی داهاتی تاران.
لەو بارەیەوە براد کۆپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، بەهێزکردنی هاوکارییەکانی سێنتکۆم لەگەڵ تیمەکانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا، تواناکانی ئێران بۆ دابینکردنی دارایی تێرۆر، ئاوەدانکردنەوەی کارگەکانی چەک و پڕکردنەوەی کۆگا سەربازییەکانی بە توندی سنووردار دەکات.
ئەم بڕیارە نوێیەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە بەپێی خەمڵاندنەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، گەمارۆ دەریاییەکانیان تاوەکو ئێستا رێگری لە هەناردەکردنی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار نەوتی خاوی ئێران کردووە.