نەوتەكەی بەغداد كەی دەگاتە دەستی هاوڵاتيیان

ئابوری

38 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 15

راچڵەكین-

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، چاوەڕێی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتەی بەنرخی پاڵپشتیكراو بۆ هاوڵاتییان دابینكراوە.

سەلیم ڕوكابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026 ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێكارەكانی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان تەواو بووە و نەوتەكە ئامادەیە.

" لە ئێستادا چاوەڕێی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانین تاوەكو بە رەسمی پشكی دیاریكراوی خۆیان وەربگرن." سەلیم ڕوكابی وادەڵێت.

هەفتەی ڕابردوو عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر دابینكردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەنرخی پاڵپشتیكراو.

لەبەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتە تەنیا 18%ی پێداویستیی هەرێمی كوردستان دابین دەكات كە پێویستی بە بڕی 268,710,600 لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێك تەنیا 200 لیتر دابین بكریت. 

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوت لەبەغدادەوە دەستدەكەن بە دابەشكردنی بە میكانیزمێكی گونجاو و  به هەمان نرخی دابینكراو له لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێك. 
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە و زیادكردنی بڕەكەی كە لەگەڵ پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بگونجێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن