راچڵەكین-
سەرچاوە هەواڵگرییەكانی عیراق دەڵێن، ئاماژەكان بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق و كەتیبەكانی حیزبوڵڵای نزیك لە ئێران سەریانهەڵداوە، دوابەدوای زیادبوونی گرژییەكانی نێوان هەردوولا.
ئەو سەرچاوانە كە بە هۆی هەستیاریی بابەتەكەوە داوایانكردووە ناویان نەهێنرێت بە ماڵپەڕی ئەلحوڕە-یان ڕاگەیاندووە، هەڵسەنگاندنەكانی سەركردە سەربازییەكان و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان بەو ئەنجامە گەیشتوون كە ئەگەری ڕوبەڕووبوونەوەكان پاش ئەو ڕێوشوێنانە دێت كە زەیدی گرتوونیەتە بەر بۆ وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی حیزبوڵڵا. لەبەرامبەردا ئەو گرووپە چەكداریە زەیدی تۆمەتبار دەكەن بە جێبەجێكردنی ئەجیندای ئەمریكا(جیزبوڵڵا یەكێكە لەو گرووپە چەكدارییە عیراقیانەی تائێستا ئامادە نییە چەكەكانی ڕادەستی حكومەتی عیراق بكات.)
پێشتر عەلی زەیدی، رێنماییدا بە دەستەی پیشەسازی سەربازی كە راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان بكەن و كۆمپانیا نێوەندگیرەكان لە گرێبەستەكان دووربخەنەوە. هاوكات
دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی رۆژی 4ی تشرینی دووەم لێكۆڵینەوەی لە گرێبەستە حكومییەكان دەستپێكرد، كە گومانیان لێدەكرێت پارە بۆ گرووپە چەكدارە لەیاسا دەرچووەكان دابین بكەن. ئەوەش بەووتەی سەرچاوەیەك بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عیراق ( بەبێ ئەوەی ناوی ئەو گرووپانە ئاشكرا بكات كە گومانیان لەسەرە.)
لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەك لە نوسینگەی سەركردەیەكی "چوارچێوەی هەماهەنگی" رایگەیاندووە، ناڕەزایەتی و دابەشبوون لەناو چوارچێوەكەدا هەیە بەهۆی شێوازی مامەڵەكردنی زەیدی لەگەڵ كەتایبی حزبوڵا، لەگەڵ بوونی مەترسی سەرهەڵدانی ڕوبەڕووبوونەوەی چەكداری.
سەەرتای ئەم هەفتەیە، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا هێرشی راگەیاندنیان بۆسەر عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق چڕكردەوەو تۆمەتباریان كرد بەكۆكردنەوەی سامانێكی زۆر، لەهەمان كاتدا داوایانكرد لێپرسینەوەی لێبكرێت. دوای ئەو هێرشەش راستەوخۆ زەیدی بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی خۆی سەردانی شاری سەدری كرد لە بەغداد و لەیەكێك لە چێشتخانەكانی ئەو ناوچەیە نانی خوارد، لەهەنگاوێكدا كە سەرچاوەیەكی نزیك لێی رایگەیاندووە:" ئەو هەنگاوە پەیامێكە كە ئامانج لێی دەرخستنی توانای دەوڵەتە بۆ هەر ڕوبەڕووبوونەوەیەك."
ئەم ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ فشارە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ سەر بەغداد بە مەبەستی چەككردنی ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، لەگەڵ گرژییە هەرێمییە بەردەوامەكان، لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگ لەلایەن ئەمریكاو ئیسرائیل لەلایەك و ئێران لەلایەكی تر لەمانگی شوباتی ڕابردوەوە.
موخەلەد حازم، كە ئەفسەرێكی پێشووە لەڕیزەكانی سوپای عیراق بە حوڕەی ڕاگەیاندووە، پێدەچێت دانوستانەكانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو گرووپانەی رەتیانكردەوە چەك رادەست بكەن و داوای مۆڵەتیان كرد، شكستیان هێنابێت، لەئێستادا ئەو گرووپانە دەستیانكردووە بە هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەر زەیدی-دا:" ئەوەش زیان بە واقیعی ئەمنی عیراق دەگەیەنێت."
بەوتەی چەند سەرچاوەیەك بۆ میدیای عیراقی، زەیدی رێككەوتنێكی نوسراوی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو گرووپانەی رەتكردووەتەوە كە مەرج و خشتەی كاتی بۆ داماڵینی چەكیان خستووەتە ڕوو، هەروەها پێشنیازی پێدانی پۆستی لە چوارچێوەی دامەزراوەكانی حكومەتدا بە كەتایبی حزبوڵڵا رەتكردوەتەوە.
بەووتەی ئەفسەرەكەی پێشووی سوپای عیراق، عەلی فالح زەیدی رێوشوێنی پێشوەختەی گرتووەتەبەر بە پشتبەستن بە زانیاری ورد كە دراوە بە دەستەی دەستپاكی:" ئەم هەنگاوانە زیانێكی زۆریان لە شانە و تۆڕەكانی سێبەری ئەم گرووپانە داوە، ئەوەش بووەتە هۆی هەڵكشانی شەڕی میدیایی نێوان هەردوولا."
موخەلەد حازم، پێشبینیكرد قۆناغی داهاتوو، سەختترین قۆناغی روبەڕوبوونەوە بێت:"پێدەچێت هێزەكانی حكومەت ناچاری ڕوبەڕووبوونەوەو پێكادانی چەكداری بن لەگەڵ ئەم گرووپانە، چونكە هەوڵی گرووپەكان بۆ شكاندنی ئیرادەی حكومەت تادێت ڕوونتر دەبێتەوە، ئەوەش لای زەیدی قبوڵكراو نییە."
ئەم بۆچوون و گریماننانە لەكاتێكدا دێن، مانگی ڕابردوو، سەرۆك وەزیرانی عیراق دوای دوورخستنەوەی حەمید شەتری لەپۆستەكەی، خۆی ئەركی بەڕێوەبردنی دەزگای هەواڵگریی گرتە دەست و نوسینگەیەكی بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دامەزراند، كە فەریق عەبدولئەمیر شممەری سەرۆكایەتی دەكات.
ڕۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2026 ئەبو مجاهید ئەعەساف، بەرپرسی ئاسایشی كەتایبی حزبوڵڵا، زەیدی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستی دەستی بە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەكات دوای ئەوەی حكومەت پرۆژەیاساكەی لە پەرلەمان كێشایەوە بەپاساوی داڕشتنەوەی ئەو ماددانەی ناكۆكیان لەسەر هەیە، لەهەمان كاتدا داوای بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەی كرد كە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراوە.
ناكۆكییەكان لەبارەی پڕۆژەیاسا نوێیەكە بۆ رێكخستنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی، خۆی دەبینێتەوە لەئەنجامدانی گۆڕانكاری لە پێكهاتە سەربازی و كارگێڕییەكەی و دەسەڵاتی سەركردەكانی. لەگەڵ كەمكردنەوەی چالاكییە ئابوری و مەدەنییەكانی دەستەكە، گرووپە چەكدارەكانیش، لە نێویاندا كەتایبی حزبولڵڵا ئەو گۆڕانكاریانەیان ڕەتكردووەتەوە كە حكومەتی عیراق بۆ پڕۆژەكەی زیاد كردووە.