وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ زێدی خۆیان، كە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون، بەردەوامە و بڕیارە 370 خێزانی دیكەی كوردی نیشتەجێی كەمپەكانی حەسەكە، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە سەرێ كانی.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-11-2026، میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، لەچوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئامادەكاریی دەكرێت بۆ گەڕانەوەی كاروانی حەوتەمی ئاوارەكان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، كە لە 370 خێزانی كورد پێكهاتووە و ساڵانی پێشوو بەهۆی شەڕەوە لەشاری سەرێ كانی ئاوارە ببوون و لە كەمپەكانی پارێزگای حەسەكە نیشتەجێ كرابوون.
لەماوەكانی رابردوودا چەندین كاروانی دیكەی خێزانە ئاوارەكان، گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شاری سەرێ كانی، بەپێی ئامارەكالنیش تائێستا زیاتر لە سێ هەزار خێزانی ئاوارەی كورد، لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە سەرێ كانی و گوندەوارەكانی سەر بەو شارە كوردییە.