سوپای رووسیا دوو ناوچەی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

36 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 123

وێنە.. ئەرشیف

راچڵەكین -

سوپای رووسیا لە هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی بۆسەر خاكی ئۆكراینا بەردەوام دەبێت و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا دوو شارۆچكەی دیكەی ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵكرد، وەزارەتی بەرگریی رووسیاش ئاشكرایدەكات، زیاتر لە هەزار و 275 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11-11-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لە پێشڕەوییەكانیان بەرەو قووڵایی خاكی ئۆكراینا بەردەوامن و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، دوو ناوچەیان لە هەرێمی زاپۆرۆژیا و كۆماری دۆنێتسك كۆنترۆڵكرد.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لەئەنجامی بەردەوامبوونی شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری رابردوو، هەزار و 276 سەربازی سوپای ئۆكراینا و چەكداری كرێگرتەی بیانی، لەسەرجەم بەرەكانی جەنگدا كوژراون و دەستبەسەر بڕێكی زۆر كەرەستەی سەربازیشدا گیراوە.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا ئاماژە بەوەكراوە، بەرگریی ئاسمانیی سوپای رووسیا چەندین مووشەكی جۆری هیمارس و هەزار و 85 درۆنی خۆكوژی ئۆكراینای خستووەتەخوارەوە و چەندین كەشتیی ئەو وڵاتەش كە چەك و تەقەمەنیی دەگواستەوە، بە مووشەك بۆردومان كراون.

بەردەوامبوونی هێرشەكانی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا هاوكاتە لەگەڵ دانوستانەكانی ئەو دوو وڵاتە كە بە نێوەندگیریی ئەمریكا لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت و شاندی هەردوو وڵات گەشبینی خۆیان نیشانداوە بە گەیشتن بە رێككەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ و بەرقەراركردنی ئاشتی. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن