وڵاتێكی ئەوروپا سنوورەكانی لەگەڵ رووسیا دادەخات

جیهان

18 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 41

راچڵەكین -

حكومەتی ئەستۆنیا بڕیاریدا سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ رووسیا دابخات و بڕیارەكەش لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هێرشكردنە سەر كارگەیەكی دروستكردنی درۆن لەناوخۆی ئەستۆنیا، حكومەتی ئەو وڵاتە دەزگای هەواڵگریی رووسیای بە تێوەگلان لەو هێرشە تۆمەتباركرد و بەو هۆیەشەوە بڕیاریدا سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دابخات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی ئەستۆنیا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە 14-11-2026، گروپێكی تێكدەر هێرشیان كردە سەر كارگەیەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ویستیان كارگەكە بسووتێنن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان توانییان هێرشەكە پووچەڵ بكەنەوە و هەشت كەس دەستگیر بكەن.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، دەستگیركراوەكان خەڵكی لاتڤیان و نیشتەجێی ئەستۆنیان، گومانیش دەكرێت لەلایەن دەزگای هەواڵگریی رووسیاوە هاندرابن بۆ ئەنجامدانی ئەو كردەوە دوژمنكارییە.

وەك كاردانەوەیەكیش بەرامبەر ئەو هێرشە، حكومەتی ئەستۆنیا بڕیاریدا لە رۆژی 1-12-2026، سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ رووسیا بە تەواوەتی دابخات و رێگە بە هیچ هاتووچۆیەك نەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن