راچڵەكین-
گرووپی چەكداری حیزبوڵلای عیراقی كە ماوەی 14 ساڵە كۆنترۆڵی ناوچەی جورف ئەلسەخری كردووە لەسنووری پارێزگای بابل، شەش شوێنی بۆ پاڵاوتن و بەقاچاغبردنی نەوت بەكارهێناوە لەنێویاندا دامەزراوە كیمیاییەكانی سەردەمی ڕێژمی سەدام حسێن.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانە بێت كە ڕۆژی دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026 ڕۆژنامەی ئەلمەدا لەزاری چەند سەرچاوەیەكی سیاسی كە داوایانكردووە لەبەر هەستیاری بابەتەكە ناویان نەهێنرێت، بڵاویكردووەتەوە، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا چەند دامەزراوەیەكی سەر بەڕژێمی بەعس كە ناسرابوون و پێشەسازی سەربازی بۆ پەردەپۆشكردنی بەرهەمهێنان و بەقاچاغبردنی نەوت بەكارهێناوە لەوانە ( دامەزراوەی (حوكم) كە لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، لەسەردەمی بەعسدا بەكارهێنراوە بۆ دروستكردنی چەكی بایۆلۆجی. گرووپەكە لەدەوروبەری ئەو دامەزراوەیە تونێلی تۆكمەیان دروستكردووە بۆ پەردەپۆشكردنی كارەكەیان.
یەكێكی تر لەو شوێنانەی بەكارهێنراوە لەو پرۆسەیەدا " پرۆژەی 190"ە كەلەسەردەمی بەعسدا بە " دامەزراوەی ئیبن ئەسیری سەربازی" ناسراوە، لەگەڵ وێستگەیەكی سووتەمەنی بەناوی " باج" كە دەكەوێتە ڕێگای بیابان بەرەو پردی فازڵییە لەناوچەی بەهبەهان.
بەووتەی ئەو سەرچاوانە، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوت لەژێر داری خومارو ناوچە سەوزەییە چڕەكان دەشارنەوە كە دەكەونە ناوچەی حامیە لەپشت گەڕەكی زەهرای نوێ لە نوزیك گۆرستانی سەید مەشیوح.
هەفتەی ڕابردوو دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەك بەڵگەنامەی دەزگای هەواڵگری عیراق لەسەر بوونی پرۆسەی بەقاچاغبردنی نەوت لە ناوچەی جورف ئەلسەخر، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق 9 بەرپرسی لە كەرتی ئەمنی و وزە لە سنووری پارێزگای بابل دوورخستەوە، هاوكات فەرمانیكرد بە دادگاییكردنی سەرجەم ئەو كەسانەی لەو دۆسێیەدا تێوەگلاون.
لەنوێترین هەڵوێستیشدا حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق، لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاری چوونە ناو جورف لسەخر دراوەو دەبێت كۆنتڕۆڵی تەواوەتی ناوچەكە بگەڕێتەوە ژێر دەستی هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی عیراق.
ئەوەشی ڕوونكردەوە، حكومەتی عیراق مۆڵەتێكی دیاریكراویی داوەتە ئەو گروپەی كۆنتڕۆڵی ناوچەكەی كردووە بۆ چۆڵكردنی، وتیشی، مۆڵەتەكە كاتێكی دوور نییەو بەم نزیكانە پرۆسەكە جێبەجێ دەكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق مۆڵەتی تا ڕۆژی هەیینی داهاتوو داوە بە گرووپی حیزبوڵڵا تا ناوچەی جورف ئەلسەخر چۆڵ بكەن.
تائێستاش ئەوە ڕووننەبووەتەوە كە عەلی زەیدی لەلایەن هێزەكانی سەر بەچوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگای پێدرابێت بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی چەكداری لەگەڵ حیزبوڵڵا.
هاوكات بەرپرسێك لە چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرپرسێكی پێشووی گرووپە چەكدارەكان ڕایانگەیاندووە، بۆچوونێك هەیە كە گرووپەی حیزبوڵڵا قۆناغ بەقۆناغ لە جورف ئەلسەخر دووربخرێتەوە نەك لەڕێی ڕوبەڕووبوونەوەی چەكداری.