راچڵەكین -
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم، داوایەكی بەپەلە ئاڕاستەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عیراق دەكات بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ خێزانە كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان.
ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026، كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەڕێگەی دوو نووسراوی جیاوە، داوای لە وەزیرانی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی عێراق كرد، بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە بۆ دابینكردنی گەرمی و پاراستنی تەندروستی و ئاسایشی خێزانەكان، نەوتی سپی بۆ خێزانە كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دابین بكەن.
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی روونیكردەوە، ئەم داوایە لەبەر بارودۆخی ئابووری و ژیانی ئەو خێزانانەیە كە زۆربەیان بەهۆی دۆخی داراییەوە توانای دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەرزی زستانیان نییە.
كوێستان محەمەد داواشی لە خێرخوازان و ئەو كەس و لایەنە خاوەن هەستە نیشتمانی و كۆمەڵایەتیانە كردووە، بەدەنگ بانگەوازی وەزارەتەكەیانەوە بێن بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ئەو خێزانانە، تاوەكو لە زستاندا ڕووبەڕووی سەختی و كێشەی زیاتر نەبنەوە.